رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ دروزەکان هەیە. دەشڵێت، نابێت حکومەتی نوێی سووریا کە لەلایەن چەند "گرووپێکی جیهادییەوە" دروستکراوە تووندوتیژی بەرامبەر کەمینەکان بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 2ی ئاداری 2025، جەدعون سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئیسرائیل پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دروزەکان هەیە. ئێمەش لە ئیسرائیل کەمینەی دروزەکانمان هەن. گرنگە کە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق رێز لە مافی کەمینەکان، لەوانە مافی دروزەکان بگرن."
ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە لەبارەی حکومەتی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو حکومەتە هەڵبژێدراوی گەلی سووریا نییە. تەنیا ژمارەیەک خەڵک و گرووپی جیهادین کە لە رابردوودا کۆنترۆڵی ئیدلبیان کردبوو و بەزەبری هێزیش چەند ناوچەیەکی دیکە و دیمەشقیشیان گرتووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە دووژمنکاری لە دژی کەمینەکان بکەن، ئینجا چ دروزەکان، یان کوردەکان یانیش عەلەوییەکان بن."
ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەکاتێکدان دوێنێ، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی سووریا فەرمانیان بە سوپای وڵاتەکەیان کرد ئامادەکاری بۆ بەرگری لە دروزەکانی شاری جەرەمانەی سەر بە پارێزگای گوندەواری دیمەشق بکات.
نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئێستا شارەکە لەلایەن هێزەکانی رژێمی سووریاوە هێرشی دەکرێتە سەر".
لەوبارەیەوە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "رێگەنادەین رژێمی تووندڕەوی ئیسلامی لە سووریا زیان بە دروزەکان بگەیێنێت". دەشڵێت، "ئەگەر رژێم (ی سووریا) زیان بە دروزەکان بگەیێنێت، لەلایەن ئێمەوە هێرشیان دەکرێتە سەر".
دروزییەکان نزیکەی 4٪ـی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنن و پارێزگای سوەیدا چەقی ناوچەکەیانە. ئەوان موسوڵمانن و خاوەن مەزهەبێکی تایبەتی خۆیانن کە بە تائیفەی موەحدین ناسراون.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی برایانی دروز لە سووریا بپارێزین و هەموو هەنگاوێکی پێویستیش بۆ پاراستنیان دەگرینەبەر".
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، لە شاری جەرمانە هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا هێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک چەکدارانی شارەکە کە سەرقاڵی چالاکییەکی ئەمنی بوون.
رۆژی یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێکی تایبەت بەو سەربازانەی بەشداریی جەنگەکانی وڵاتەکەیان کردووە لە قودس-ئۆرشەلیم گوتی، "رێگە بە هێزەکانی دەستەی تەحریر شام و سوپای نوێی سووریا نادەین بێنە ناوچەکانی باشووری دیمەشق". دەشڵێت، "داوای لە چەکداماڵینی باشووری سووریا دەکەین".
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی سووریا حکومەتی ئەسەدیان رووخاند. رۆژی دواتر، سوپای ئیسرائیل چووە نێو خاکی سووریا و بەشێکی باشووری وڵاتەکەی کۆنترۆڵکرد.
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، مانەوەیان لە باشووری سووریا بۆ پاراستنی دانیشتووانی بەرزاییەکانی گۆلان و هاووڵاتییانیانە لە باکووری ئیسرائیل. ئاماژە بەوەش دەکەن، رووبەڕووی هەر گرووپێکی چەکدار دەبنەوە بییەوێت ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ