رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بارهەڵگری رێکخراوە خێرخوازییەکان لە دیوی سنووری میسرەوە کەلوپەل بۆ نێو غەززە دەگوازنەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل رایگەیاند، رێگە لە چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ نێو غەززە دەگرێت، لە کاتێکدا لە چەند شوێنێکی غەززە باس لە چەند هێرشێکی کوشندەی سوپای ئیسرائیل دەکرێت.
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە کە 42 رۆژ بوو تەواو بوو. ئیسرائیل رایگەیاند، لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە پلانێکی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە پێشکێشکراوە و ئەوانیش قبووڵی دەکەن. ئەمەش بەهۆی مانگی پیرۆزی رەمەزان و جەژنی دەربازبوونی جووەکانەوەیە.
حەماس ئەو درێژکردنەوەیە رەتدەکاتەوە و چاوی لە دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکەیە، کە بریتییە لە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و راگرتنی یەکجارەکیی جەنگ.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند: "سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو بڕیاریدا، لەم بەیانییەوە هەموو دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی کەلوپەل و پێداویستییەکان بۆ غەززە دابخرێن. ئەگەر حەماس لەسەر ئەو رەتکردنەوەیە بەردەوامبن، دەرئەنجامی دیکە دەبینن."
حەماس سەرکۆنەی بڕیارەکەی کرد و گوتی: "ئەو بڕیارە هەڕەشەکردن، تاوانی جەنگ و کودەتایە بەسەر رێککەوتنی ئاگربەست دا."
لەلایەکی دیکە ئاژانسی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، ئیسرائیل بە تانک و تۆپ هێرشی کردووەتە سەر رۆژهەڵاتی شاری خان یونس، لە باشووری غەززە.
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری هیچ جۆرە هێرشێک نین. بەڵام رایانگەیاند، لە باکووری غەززە لە هێرشێکدا چەند گومانلێکراوێکیان کردووەتە ئامانج کە "بۆمبیان لە نزیک سەربازەکانمان چاندبوو."
مانگی سووری فەلەستینی گوتی، بەهۆی هێرشێکی درۆنیی ئیسرائیل لە خان یونس کەسێک کوژرا، لە ناوچەیەکی دەرەوەی شارەکەش کەسێکی دیکە.
تەندروستیی کەرتەکە رایگەیاند، لانیکەم کەم چوار کەس کوژران و شەش کەسی دیکەش بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربوون.
'ئازادکردنی هەموو بارمتەکان لە یەک گەڕدا'
دوای بڕیاری راگرتنی هاوکارییەکان، عومەر دۆستری، گوتەبێژی نەتەنیاهوو لە ئێکس نووسی: "ئەم بەیانییە هیچ بارهەڵگرێک نەچوونەتە نێو غەززە و ناشتوانن بچن."
بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی راستڕۆی تووندڕۆی ئیسرائیل پێشوازیی لە بڕیارەکە کرد و گوتی: "هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەیەکی تەواو، داوا دەکەم شەڕ لە دژی حەماس دەستپێبکاتەوە تاوەکو سەرکەوتنی تەواوەتی بەدیدێت."
بەگوێرەی ئیسرائیل، درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە دەبێتە هۆی ئازادکردنی نیوەی ئەو بارمتانەی ئێستا لە غەززە دەستبەسەرن، نیوەکەی دیکەش کاتێک ئازاد دەکرێن کە رێککەوتن لەگەڵ حەماس بکرێت.
بزووتنەوەی حەماس لەگەڵ درێژکردنەوەکە نییە، داوای لە نێوەندگیرەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیکرد "گوشار" لە ئیسرائیل بکەن، "بۆ ئەوەی ئەو رێوشوێنە سزادەرانە و ناڕەوشتییانە لە دژی زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی غەززە رابگرێت."
حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس گوتی، ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی دەرئەنجامەکانی ئەو بڕیارە لەسەر خەڵکی غەززە و چارەنووسی بارمتەکان هەڵدەگرێت."
بەرپرسێکی باڵای حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئامادەبوون لە قۆناخی دووەمی ئاگربەست، هەموو بارمتەکانی دیکە لە یەک گەڕدا ئازاد بکات.
شەوی شەممە 01-03-2025 لە شاری تەل ئەڤیڤی ئیسرائیل خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو. پشتیوانان و کەسوکاری بارمتەکان داوایان لە حکومەت کرد لە ئازادبوونی بارمتەکان دڵنیابێتەوە.
ئیناڤ زانگۆکەر، کە (ماتان)ـی کوڕی لە غەززە بارمتەیە گوتی: "قەیرانە هەنووکەییەکە لە دانوستاندنەکاندا قەیرانێکی بە ئەنقەستە و لەلایەن نەتەنیاهووەوەیە."
'بەربانگ لەسەر خاکی خۆمان دەکەینەوە'
لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستدا، حەماس 25 بارمتەی زیندوو و تەرمی هەشت بارمتەی دیکەی رادەستی ئیسرائیل کرد، لە بەرامبەردا هەزار و 800 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکران.
لەو 251 بارمتەیەی لە رۆژی یەکەمی جەنگەکە لە 07-10-2023 رفێنران، هێشتا 58 بارمتە لە غەززە ماون و سوپای ئیسرائیل کوژرانی 34ـیانی پشتڕاستکردووەتەوە.
جەنگی زیاتر لە 15 مانگی غەززە، قەیرانێکی سەختی ئابووری لە کەرتەکە دروستکرد. نەتەوە یەکگرتووەکان چەند جارێک هۆشداریداوە، کەرتەکە لە لێواری قاتوقڕی دایە.
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە و گوتی: "رێزم بۆ ئەو قسەیە هەیە، بەڵام ئەو دەنگۆیە درۆ بوو."
هەموو ئەمانە لە کاتێکدان، فەلەستینییەکان وەک موسڵمانانی جیهان لە مانگی رەمەزاندان.
ئێوارەی شەممە، غەززەییەکان لە نێو باڵاخانە رووخاوەکاندا کۆبوونەوە و یەکەم بەربانگیان کردەوە.
محەممەد ئەبو جدیان، دانیشتووی شاری بەیت لاهیە لە غەززە گوتی: "ئێمە لێرەین، لە نێو جەرگەی داروپەردوو و وێرانکاریدا؛ سەرەڕای ئازار و برینەکانمان هێشتا خۆڕاگرین. ئێمە لێرە بەربانگ لەسەر خاکی خۆمان دەکەینەوە و ئەو شوێنە جێناهێڵین."
جەنگەکە تەواوی غەززەی هەژاندووە و خەڵکەکەی دەربەدەر کردووە. تەندروستیی کەرتەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا 48 هەزار و 388 کەس کوژراون، کە زۆربەیان سڤیلن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ