رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى قەتەر رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانیان دوو فڕۆکەی جەنگیی جۆری SU-24ـی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی تاران کێڵگە گازییەکان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج.
وەزارەتى بەرگریى قەتەر رۆژی دووشەممە، 2ـی ئادار، رایگەیاند، هێزەکانیان سەرکەوتووبوون لە بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی بەرفراوان کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەیان کرابوو. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە تاران کێڵگە گازییە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتەی لە ناوچەی کەنداو کردە ئامانج، کە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی وزە لە جیهاندا.
لە راگەیێندراوێکی فەرمی وەزارەتەکەدا هاتووە، "هێزە ئاسمانییەکانی قەتەر توانییان دوو فڕۆکەی (SU-24) کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەهاتن، بخەنە خوارەوە."
وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، جگە لە فڕۆکەکان، 7 مووشەکی بالیستی لە رێگەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە و 5 درۆنیش لە رێگەی هەماهەنگیی نێوان هێزی ئاسمانی و دەریاییەوە لە ئاسماندا تێکشکێندراون کە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەیان کردبووە ئامانج.
لە هەمان کاتدا، ئەم هێرشە مووشەکی و ئاسمانییانەی تاران وەک وەڵامێک دێن بۆ ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەستیپێکردووە.
تاران وڵاتانی ناوچەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگەیان داوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا خاکیان بۆ لێدانی بەکاربهێنن. دوێنێ یەکشەممەش، وەزارەتی ناوخۆی قەتەر باری نائاسایی راگەیاند و داوای لە هاووڵاتییان کرد تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و ئێران لە دوای ساڵی 1979ـەوە بەردەوام لەنێوان هەماهەنگیی ئابووری و ململانێی سیاسیدا بووە، بەتایبەت کە هەردوو وڵات لە گەورەترین کێڵگەی گازی جیهاندا (کێڵگەی باکوور/پارس) هاوبەشن.
جەنگی حوزەیرانی 2025 نیشانیدا کە تاران ئامادەیە پەنا بۆ بژاردەی سەربازی ببات دژی ئەو وڵاتانەی کە میوانداریی بنکە گەورەکانی ئەمریکا دەکەن، وەک بنکەی "ئەلـعوەید" لە قەتەر، کە گەورەترین ناوەندی سەربازیی واشنتنە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ و حکومەتی بنیامین نەتەنیاهوو جەخت دەکەنەوە کە تاوەکو لەناوبردنی تەواوەتیی هەڕەشەکانی تاران، ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن؛ ئەمەش ئاسایشی وزەی جیهانی و سەقامگیریی ناوچەکەی رووبەڕووی مەترسییەکی مێژوویی کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ