رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەستیان بە بەئامانجگرتنی پێگەکانی یەکدی کرد، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی داوە تۆڵەی کوژرانی سەربازانی ئەمریکا بکاتەوە و رایگەیاند، جەنگەکە لەگەڵ ئێران رەنگە "چوار هەفتە" بخایەنێت.
لێرەدا پوختەی گرنگترین پێشهاتەکان دەخەینەڕوو:
ئیسرائیل و حیزبوڵڵا
• ئیسرائیل رایگەیاند دەستی کردووە بە بۆردوومانکردنی ئامانجەکانی حیزبوڵڵا لە سەرتاسەری لوبنان، دوای ئەوەی حیزبوڵڵا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی 50 گوند و شارۆچکەی لوبنان کردووە دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
• کۆچکردن: خەڵکی باشووری لوبنان بە ئۆتۆمبێل ناوچەکانیان جێدەهێڵن.
• سەرۆکی لوبنان: جۆزێف عەون رایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل زیان بە هەوڵەکانی حکومەت دەگەیەنن بۆ دوورخستنەوەی لوبنان لەم جەنگە.
هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداو
ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی (بەحرێن، ئوردن، کوێت، قەتەر، سعودیە و ئیمارات) لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو (کە هێزی ئەمریکایان تێدایە) بە "مامەڵەیەکی بێباکانە و تێکدەرانە" ناوبرد.
هێرشەکانی دیکە
• عێراق: سەرچاوەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵا رایگەیاند، بنکەی سەربازیی (جورف سەخر) سێ جار بۆردوومان کراوە.
• تاران: سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرشی کردووەتە سەر "نێوجەرگەی تاران". میدیاکانی ئێران باسیان لەوە کردووە کە بنکەیەکی پۆلیس و نەخۆشخانەی گاندی لە باکووری تاران کراونەتە ئامانج و خەڵک کەوتوونەتە ژێر داروپەردوو.
• قوبرس: هێزەکانی بەریتانیا وەڵامی هێرشێکی درۆنییان دایەوە بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئەکرۆتیری، بێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت.
هەڵوێستی ترەمپ و ئەمریکا
• ماوەی جەنگ: ترەمپ بە رۆژنامەی دەیلی مەیلی گوت، پێشبینی دەکات ئۆپەراسیۆنەکە "چوار هەفتە یان کەمتر" بخایەنێت.
• تۆڵەسەندنەوە: ترەمپ بەڵێنی دا تۆڵەی کوژرانی 3 سەربازی ئەمریکا بکاتەوە و هۆشداریدا کە سوپای پاسداران خۆیان بەدەستەوە بدەن یان رووبەڕووی "مەرگی مسۆگەر" دەبنەوە.
• گۆڕینی دەسەڵات: ترەمپ دەڵێت "سێ بژاردەی زۆر باشی" هەیە کە کێ لە داهاتوودا سەرکردایەتیی ئێران بکات، بەڵام ناوەکانیانی ئاشکرا نەکرد.
• وێرانکردنی بارەگای پاسداران: فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنکتۆم) رایگەیاند، بارەگای سەرەکیی سوپای پاسدارانیان وێران کردووە و ئێستا پاسداران "هیچ بارەگایەکی نەماوە".
دۆخی مەیدانی و کوژراوان
• بەیت شەمس: بەهۆی مووشەکبارانی ئێرانەوە، لانیکەم 9 کەس لە شاری بەیت شەمس لە نێوەڕاستی ئیسرائیل کوژران و دەیان کەس بریندار بوون.
• لە قودس/ئۆرشەلیم: 3 ئیسرائیلی بریندار بوون.
• لوبنان: خەڵکی باشووری لوبنان بە ئۆتۆمبێل بەرەو باکوور هەڵدێن. وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، 31 کەس کوژراون و 149ی دیکە بریندار بوون.
• ئێران: مانگی سووری ئێران رایگەیاند، تا ئێوارەی شەممە 201 کەس کوژراون و سەتان کەس بریندار بوون.
• وڵاتانی کەنداو: لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەنداو لانی کەم 5 کەس کوژراون. بەندەری دوقم لە عومان بە درۆن کرایە ئامانج.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
• یەکێتیی ئەورووپا: هۆشداریدا لەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیانی گەورەی بەردەکەوێت ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت. یەکێتییەکە کەشتیی جەنگیی زیاتر دەنێرێتە دەریای سوور.
• کۆمپانیای مێرسک: کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی (Maersk) گەشتەکانی لە گەرووی هورمز و نۆکەندی سوێس راگرت.
• بەریتانیا: کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند رێگە بە ئەمریکا دەدەن بنکەکانیان بۆ بەرگری بەکاربهێنن، بەڵام بەشداریی هێرشەکان ناکەن.
خۆپیشاندان: لە پاکستان خۆپیشاندەران هەوڵیان دا هەڵبکوتنە سەر کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە کەراچی و 17 کەس کوژران.
ئێران: دانوستاندن ناکەین
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئێران "دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ناکات" و هەموو دەنگۆکانی لەوبارەیەوە رەتکردەوە. لاریجانی، ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە ناوچەکەی تووشی پشێوی کردووە.
سەرکردایەتیی کاتیی ئێران
ئێران ئایەتولڵا عەلیڕەزا ئەعرافی دیاری کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ پزیشکیان و سەرۆکی دەسەڵاتی داد ئەنجوومەنێکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێکھێنن تاوەکو جێگرەوەیەک بۆ رێبەری باڵا دیاری دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ