"درۆنێکی ئێران" بنکەیەکی سەربازیی بەریتانیای لە قوبرس کردە ئامانج

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە "درۆنێکی ئێران"ی شوێنی فڕینی بنکەیەکی سەربازیی بەریتانیای لە قوبرس کردە ئامانج، ئەوەش لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەکی دیکە پەرەی سەندووە و یەکێتیی ئەوروپاش پشتگیریی خۆی بۆ وڵاتانی ئەندام دووپات دەکاتەوە.
 
نیکۆس کریستۆدۆلیدیس، سەرۆکی قوبرس رایگەیاند، کەمێک دوای نیوەشەوی رابردوو "درۆنێکی بێفڕۆکەوانی جۆری شاهید لەنێو دامەزراوە سەربازییەکانی بنکە بەریتانییەکە لە ناوچەی ئاکرۆتیری کەوتە خوارەوە و زیانی مادیی کەمی لێکەوتەوە."
 
هاوکات یڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، درۆنەکە ناوچەی فڕگەی فڕۆکەخانەی بنکە سەربازییەکەی پێکاوە و گوتی، "ئەمە هێرشێکی درۆنی بوو. لە ئێستادا ناتوانین وردەکاری زیاتر بدەین، بەڵام هەموو رێکارە خۆپارێزییەکان لە دەوروبەری بنکەکە گیراونەتەبەر."
 
یەکێتیی ئەوروپا کە قوبرس تێیدا ئەندامە، دەستبەجێ کاردانەوەی هەبوو. ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی قوبرس رایگەیاند، "ئێمە پێکەوە، بە تووندی و بەبێ دوودڵی لە پشت وڵاتانی ئەنداممان دەوەستین لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا."
 
سەرۆکی قوبرس باسی لەوەش کرد کە وڵاتەکەی لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیی جیۆپۆلەتیکیدایە و رایگەیاند، "نیشتمانەکەمان بە هیچ شێوەیەک بەشداری ناکات و بەنیازی ئەوەش نییە ببێتە بەشێک لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی."
 
ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە بەریتانیا رەزامەندی دا بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش بۆسەر ئێران.
 
کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بەشداری لە هێرشە سەرەتاییەکان بۆ سەر ئێران نەکردووە و بەشداری هێرشی هێرشبەرانەش ناکەن، بەڵام گوتی، "ئێران ستراتیژییەکی وێرانکەر پەیڕەو دەکات، بۆیە پشتگیری لە بەرگریی هاوبەشی هاوپەیمانەکانمان و گەلەکەمان لە ناوچەکەدا دەکەین."
 
بنکەی "ئاکرۆتیری" سەر بە هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیایە و دەکەوێتە نزیک شاری لیماسۆل لە باشووری قوبرس، کە وەک ناوچەیەکی دەرەوەی سنوورەکانی بەریتانیا هەژمار دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە