قوبرس نیگەرانیی خۆی لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی دەردەبڕێت

03-04-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قوبرس نیگەرانیی خۆی لە چوونی ژمارەیەک لە کۆچبەری سووریایی بۆ وڵاتەکە دەردەبڕێت. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 350 کۆچبەری سووریایی لە لوبنانەوە گەیشتوونەتە وڵاتەکە.
 
رۆژی سێشەممە 2ی نیسانی 2024 کۆنستانینۆس یووانۆ، وەزیری ناوخۆی قوبرس لە راگەیێندراوێکدا باسی لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی کرد و گوتی، "نیگەرانین بەرامبەر بە دووهێندە بوونی هاتنی کۆچبەرە سوورییەکان لە چەند مانگی رابردوودا."
 
بە گوتەی پۆلیسی دەریاوانیی قوبرس، لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 350 کۆچبەر بە حەوت بەلەمی بچووک خۆیان گەیاندووەتە کەناراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی دوورگەکە.
 
هەموو ئەو کۆچبەرانەی روویان کردووەتە قوبرس، خەڵکی سووریان و لە لوبنانەوە بە بەلەمی بچووک لە دەریای نێوەڕاستەوە روودەکەنە وڵاتەکە.
 
نیکۆس کریستۆدۆولید، سەرۆکی قوبرس داوای هاوکاری لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ رێگەگرتن لە چوونی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی کرد. داواشی کرد، بەشێک لە خاکی سووریا بە ناوچەی ئارام هەژمار بکرێت و ئەو کۆچبەرانەی لە وڵاتانی دەوروبەری سووریا داوای مافی مانەوە دەکەن، تێیدا جێگیر بکرێن.
 
مانگی رابردوو، مارگارێتس شیناس، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا داوای لە یەکێتییەکە کرد، رێککەوتنێک لەگەڵ لوبنان بکات بۆئەوەی رێگە لە شەپۆلی کۆچبەرانی سووریایی بۆ قوبرس بگرێت.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە بەرپرسانی قوبرس بڵاویانکردووەتەوە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە بەلەمی بچووک لە ساڵی رابردوو گەیشتوونەتە دوورگەکە 4،259 کەسن، ئەوەش بەراورد بە ساڵی 2022 بە رێژەی 355% زیادیکردووە، چونکە لەو ساڵەدا ژمارەی کۆچبەران تەنیا 937 کەس بووە.
 
مانگی رابردوو قوبرس دوو کەسی لوبنانی بە تۆمەتی بردنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکە دەستگیر کرد، کە زیاتر لە 146 کەسیان لە لوبنانەوە بردووەتە قوبرس.
 
بە گوتەی پۆلیسی قوبرس، قاچاخچییەکان لە لوبنانەوە خەڵک دەگوازنەوە بۆ قوبرس و لەوێشەوە دەیانبەنە یۆنان، بۆ هەر کۆچبەرێکیش 2،500 دۆلاری ئەمریکی وەردەگرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە