رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
فڕۆکەیەکی جەنگی لەسەر کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر لە ئەرکی ئۆپەراسیۆنی (توڕەیی داستانئاسا)
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) نوێترین ئاماری ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسای بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە زیاتر لە 12 هەزار ئامانج لە ئێران بۆردوومان کراون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکان تاوەکو رۆژی 1ـی نیسانی 2026 بەم شێوەیە بووە:
ئامانجە پێکراوەکان: زیاتر لە 12,300 ئامانج لە ناو خاکی ئێراندا بۆردوومان کراون.
گەشتە جەنگییەکان: زیاتر لە 13,000 جار فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکا چوونەتە ئاسمانی ئێران.
زیانە دەریاییەکان: زیاتر لە 155 کەشتی و ژێردەریایی و بەلەمی جەنگیی ئێران تێکشکێندراون یان زیانی قورسیان بەرکەوتووە.
ئەمریکا بەهێزترین و پێشکەوتووترین چەکەکانی خۆی لەم جەنگەدا بەکارهێناوە:
لە ئاسمانەوە: فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی بی1، بی2 تارمایی، بی52، ئێف22، ئێف35، ئێف 15 و ئێف16. هەروەها هەردوو جۆری درۆنی ئێم کیو9 و لوکاس.
لە دەریاوە: کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە ئەتۆمییەکان، ژێردەریاییە ئەتۆمییەکان، کەشتییە تێکشکێنەرەکان و کەشتیی هێرشبەری ئەمفیبیەس.
لە وشکانییەوە: سیستمە مووشەکییەکانی تاد، پاتریۆت و هیمارس، هەروەها سیستمی دژە درۆن.
بە گوێرەی سێنتکۆم، هێزەکانی ئەمریکا لەم ئۆپەراسیۆنەدا جومگە هەستیارەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لەوانە؛ ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ و بارەگاکانی سوپای پاسداران. ناوەندە هەواڵگرییەکان و سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکان.
سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەکی بالیستی و مووشەکی دژە-کەشتی. کارگەکانی بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەک، لەگەڵ کۆگە ژێرزەوینییەکانی چەک و ژێرخانی پشتگیریی سەربازی و ناوەندەکانی پەیوەندی.
سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی دەزگە ئەمنییەکانی ئێرانە و لەو شوێنانەوە دەستیان پێکردووە کە هەڕەشەی دەستبەجێیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ