رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان دەڵێت، نابێت حەماس و هیچ گرووپێک لە لوبنانەوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، ئەگەرنا "تووندترین رێکار" بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.
2ی ئایاری 2025 ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان بە سەرۆکایەتیی جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان کۆبووەوە.
ئەنجوومەنەکە دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "رێگە بە حەماس و گرووپەکانی دیکە نادرێت سەقامگیریی نیشتمانی بخەنە مەترسییەوە." دەشڵێت، "سەلامەتیی لوبنان لە سەروو هەموو شتێکەوەیە."
لە راگەیێندراوەکەیدا ئەنجوومەنەکە دەشڵێت، "تووندترین رێکار بۆ کۆتاییهێنان بە هەر پێشێلکارییەک دەگرینەبەر کە سەروەریی لوبنان بخاتە مەترسییەوە."
تاوەکو ئێستا حەماس هیچی لەبارەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان نەگوتووە.
ئەو راگەیێندراوەی ئەنجوومەنەکەی لوبنان دوای ئەوە هات کە رۆژی 20ی نیسانی 2025 سوپای لوبنان بڵاویکردەوە، لە شاری سەیدای وڵاتەکە ژمارەیەک هاووڵاتیی دەستگیر کردووە کە پلانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی مووشەکی بۆسەر ئیسرائیل دانابوو. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانە پەیوەندییان بە هەمان ئەو گرووپەوە هەبوو کە هەفتەی رابردوو بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دەستگیر کران.
16ی هەمان مانگ، سوپای لوبنان ژمارەیەک هاووڵاتی، کە بەشێکیان فەلەستینی بوون، بە تۆمەتی هێرشی مووشەکی لە لوبنانەوە بۆسەر ئیسرائیل دەستگیر کرد.
تشرینی یەکەمی 2023 جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکرد. دواتر، حیزبوڵـڵاش دەستی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کرد. تەلئەڤیڤیش دەستی بە وەڵامدانەوەی هەردووکیان لە غەززە و لوبنان کرد.
تشرینی دووەمی 2024، حیزبوڵـڵا و ئیسرائیل ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام لە مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە ئیسرائیل ناوە ناوە هێرش دەکاتە سەر لوبنان.
ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل بە درۆن گوندێکی باشووری لوبنانی بۆردوومان کرد و 5 کەسی بریندار کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ