پرۆگرامی خۆراکی جیهانی رووداوە خوێناوییەکەی دوێنێی غەززە بە 'تراژیدی' ناودەبات

02-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە و بەشێک لە شایەتحاڵان دەڵێن، رۆژی یەکشەممە لە شاری رەفەحی باشووری کەرتەکە، لەکاتی وەرگرتنی خۆراک لانیکەم 31 کەس بە گوللـەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژران و زیاتر لە 170ی دیکە بریندار بوون.
 
شایەتحاڵان دەڵێن، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، لە ناوەندێکی وەرگرتنی خۆراک، هێزەکانی ئیسرائیل لە دووریی کیلۆمەترێکەوە تەقەیان لە خەڵک کردووە.
 
ناوەندەکە لەلایەن رێکخراوێکەوە بەڕێوەدەبردرێت کە ئیسرائیل پشتیوانیی لێ دەکات. سوپای ئیسرائیل رەتیکردەوە هێزەکانی تەقەیان لە خەڵکی سڤیل کردبێت.
 
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکیی گوت، سەربازەکانیان لە رەفەح گوللـەی هۆشدارییان بە ئاراستەی چەند گومانلێکراوێک تەقاندووە، کە لێیان نزیک کەوتوونەتەوە.
 
بە درێژایی شەڕەکە، سوپای ئیسرائیل چەندین جار بەرپرسیارێتیی خۆی لە رووداوی خوێناوی و کوشتنی خەڵکی سڤیل رەتکردووەتەوە، بەڵام دوای گوشاری نێودەوڵەتی و میدیایی و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، دانی پێداناوە و بۆ "هەڵەی مرۆیی" سەربازەکانی گەڕاندووەتەوە.
 
لە رووداوێکی دیکەدا، سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بڵاوکردەوە، کە بە گوتەی خۆی رۆژی یەکشەممە لە شاری خان یوونس لە باشووری کەرتی غەززە تۆمار کراوە؛ تێیدا ژمارەیەک پیاوی چەکدار و دەمامکدار لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەون کە لەنێو ئەو خەڵکەدان بۆ وەرگرتنی یارمەتیی مرۆیی کۆبوونەتەوە.
 
یەکێک لە چەکدارەکان تەقە لە زەوییەکە دەکات و دواتر رووی چەکەکە دەکاتە ئاسمان. دواتر لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کەسێک لەسەر زەوی کەوتووە و خەڵکی دیکە بەهانایەوە دەچێت، بەڵام ڤیدیۆکە دەریناخات بۆچی کەوتووە.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "حەماس هەموو هەوڵێک دەدات بۆ رێگریکردن لە سەرکەوتنی هەوڵی تایبەت بە دابەشکردنی خۆراک لە غەززە."
 
رێکخراوی مرۆیی غەززە کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکای هاوپەیمانییەوە پشتیوانی دەکرێت، لە راگەیەندراوێکدا گوتی، هاوکارییەکانی "بەبێ هیچ رووداوێک" دابەشکردووە و ڤیدیۆیەکی دیکەی بڵاوکردەوە کە گوتی رۆژی یەکشەممە لە شوێنەکە گیراوە و دیاربوو خەڵک هاوکارییان وەردەگرت.
 
رێکخراوە ئەمریکییە ئیسرائیلییەکە هەواڵەکانی پێشووی دروستبوونی گرژی و تەقەکردن لە دەوروبەری ناوەندەکانی رەتکردنەوە. 
 
پشتڕاستکردنەوەی ڤیدیۆ و قسەکانی رێکخراوەکە ئاسان نییە، لە کاتێکدا هەموو ناوەندەکانی رێکخراوەکە لەو ناوچانەن ئیسرائیل بە سەربازگەی کردوون و میدیای سەربەخۆ دەستیان پێناگات. 
 
ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت، ئەوەی رۆژی یەکشەممە روویدا، "کوشندەترین رووداو بوو تاوەکو ئێستا" لە نزیک ناوەندەکانی رێکخراوەکە دروست بووبێت کە کەمتر لە هەفتەیەکە کار دەکات.
 
لێژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە راگەیەندراوێکدا گوتی، نەخۆشخانە مەیدانییەکەیان لە رەفەح 179 کوژراو و برینداری وەرگرتووە کە ژن و منداڵیان تێدایە، 21 کەسیان لەکاتی گەیشتنیان گیانیان لەدەستداوە، زۆربەیان برینی گوللـە یان ساچمەیان بە لاشەوە بووە. 
 
لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور رایگەیاند: "هەموو نەخۆشەکان گوتیان کە هەوڵیان داوە بگەنە شوێنێکی دابەشکردنی هاوکاری،" هەروەها گوتی، لەو کاتەوەی لە ساڵی رابردوو نەخۆشخانەکەیان کردووەتەوە، ئەمە یەکەم جارە ببینن ژمارەیەکی هێندەی خەڵک لە یەک رووداودا بە چەکی سووک بکرێنە ئامانج. 
 
سیندی مکەین، سەرۆکی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، بە کەناڵی ئەی بی سی نیووزی ئەمریکی رایگەیاند، کارمەندەکانیان لە غەززە دەڵێن خەڵک کوژراوە و رووداوەکەی بە "تراجیدیا" ناوبرد.
 
فیلیپ لازارینی، بەرپرسی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی فەلەستین، لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "دابەشکردنی هاوکاری بووەتە تەڵەی مەرگ."
 
لە راگەیەندراوێکی دیکەدا، ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل فەرمانی بە زیادکردنی شوێنی دابەشکردنی یارمەتییەکان و فراوانکردنی هێرشی وشکانی لە باکوور و باشووری غەززە کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.