رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە دەڵێت، لەم چەند رۆژەی رابردوودا 75 ھەزار و 943 کەسیان گەڕاندووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی حوزەیرانی 2025، فەریق محەمەد بەسامی، بەڕێوەبەری ئاسایشی سعودیە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکان لە چوارچیوەی "ھەڵمەتی حەجی بێمۆڵەت"دا زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان کردووە، ئەوەش بەر لە دەستپێکردنی فەریزەی حەج کە رۆژی چوارشەممە 4ـی حوزەیران دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەری ئاسایشی سعودیە ئاماژەی بەوەداوە تاوەکو ئێستا رێگرییان لە 269 ھەزار و 678 کەس کردووە بچنە مەککە بەھۆی ئەوەی مۆڵەتی فەرمی بۆ چوونە نێو شارەکەیان نەبووە؛ هەروەها 75 ھەزار و 943 کەسی دیکە بەھۆی سەرپێچیکردنی فەریزەی حەج و نەبوونی مۆڵەتی حەجکردن، گەڕێنراونەتەوە.
ھەروەھا 252 هەڵمەتی حەجی ساختە و ھەزار و 239 حەملەدار بەھۆی سەرپێچکردنی یاساکانی گواستنەوەی حاجییان، دەستگیرکراون. هەر لەم ماوەیەدا 109 هەزار و 632 ئۆتۆمبێل و پاس بەهۆی سەرپێچیکردنی یاساکان، لە مەککە دەرکراون.
جەختی لەوەش کردەوە کە ھەر کەسێک ھەوڵی تێکدانی ئاسایش بدات یان رێنماییەکان پێشێل بکات، ئەوا رووبەڕووی رێوشوێنی زۆر توند دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا کە سەرجەم توانا مادی، تەکنەلۆژیا و مرۆییەکان خراونەتە گەڕ بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاریی پێشکێش بەو کەسانە بکەن کە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج روویان لە سعودیە کردووە.
رۆژی 1ـی حوزەیرانی 2025، لیوا ساڵح مەربەع، بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سعودیە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ حەجکردن گەیشتوونەتە مەککە 1 ملیۆن و 475 هەزار و 230 کەسن.
هەروەها لەسەر ئەرکی محەممەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز، شازادەی جێنشینی سعودیە، ئەم ساڵ 1000 فەلەستینی کە سەرجەمیان کەسوکاری قوربانییەکان، برینداران و دیلەکانی هێرشەکانی ئیسرائیلن، بێبەرامبەر حەج دەکەن. تاوەکو ئێستا لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستینەوە 560 کەسیان گەیشتوونەتە سعودیە.
بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، پار 1 ملیۆن و 832 هەزار و 601 کەس لە 200 وڵاتەوە حەجیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ