ترەمپ داوای ئاگربەستی غەززە دەکات و ئیسرائیل دەڵێت نابێت دەرفەتەکە لەدەستبدرێت

02-07-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوا دەکات هیچ دەرفەتێک بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لە غەززە ماون، لەدەست نەدرێن، ئەوەش دوای ئەوە هات دۆناڵد ترەمپ داوای لە حەماس کرد بە ئاگربەستێکی 60 رۆژە رازی بێت.
 
جەنگی نزیکەی 21 مانگە دۆخێکی مرۆیی ناهەمواری بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە دروستکردووە، کە ئیسرائیل بەم دواییانە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تێدا فراوانتر کردووە.
 
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، لە هێرشەکانی رۆژی چوارشەممەی ئیسرائیلدا لانیکەم 14 کەس کوژراون.
 
ترەمپ رۆژی سێشەممە داوای لە حەماس کرد ئاگربەستێکی 60 رۆژە پەسندبکات و رایگەیاند، ئیسرائیل رازی بووە بە کۆتاییهێنان بە رێککەوتنێکی لەو جۆرە.
 
بێ ئەوەی راستەوخۆ ئاماژە بە لێدوانەکانی ترەمپ بکات، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رۆژی چوارشەممە گوتی: "زۆرینەیەکی گەورە لەنێو حکومەت و خەڵک لەگەڵ پلانی ئازادکردنی بارمتەکاندان."
 
ساعر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئەگەر دەرفەت رەخسا، نابێت لەدەست بدرێت!"
 
لە کۆی 251 بارمتە کە لە هێرشەکەی حەماس لە ساڵی 2023دا دەستگیرکران و بوونە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ، 49 کەسیان لە غەززە ماون کە سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 27 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی سێشەممە، سوپا رایگەیاند کە لە رۆژانی رابردوودا هێزەکانی ئۆپەراسیۆنیان لە سەرانسەری غەززەدا فراوانتر کردووە و دەیان چەکداری حەماسیان کوشتوون و سەتان بنکەی ژێرخانیان لەنێوبردووە. 
 
دوای چەندین مانگ لە وەستانی هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ترەمپ رۆژی سێشەممە رایگەیاند، هەوڵێکی نوێ بۆ ئاگربەست، پشتیوانیی ئیسرائیلی هەیە. ترەمپ گوتی: "ئیسرائیل بە مەرجە پێویستەکان رازی بووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاگربەستی 60 رۆژە. لەو ماوەیەدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان کاردەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ."
 
ترەمپ گوتیشی، نێوەندگیرانی قەتەر و میسر کە بە درێژایی جەنگ لە پەیوەندیی راستەوخۆدا بوون لەگەڵ حەماس، "ئەم پێشنیازە کۆتاییە" دەگەیێنن و گوتی: "هیوادارم، لەپێناو بەرژەوەندیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، حەماس ئەم رێککەوتنە قبووڵ بکات."
 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکات.
 
ئیسرائیل هێرشەکەی لە وەڵامی هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماسدا دەستپێکرد، کە بووە هۆی کوژرانی 1219 کەس.
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تۆڵەسەندنەوەکەی ئیسرائیل لانیکەم 56 هەزار و 647 کەسی لە غەززە کوشتووە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە