حەماس: جدین بۆ ئاگربەست، بەڵام دەبێت درێژخایەن بێت

02-07-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئامادەن بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، بەڵام بەو مەرجەی ئاگربەستەکە درێژخایەن بێت.
 
رۆژی چوارشەممە، دووی تەممووزی 2025، تاهیر نونو، سەرکردەی حەماس لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان، "ئامادە و جدییە سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتن ئامادەشە هەر دەستپێشخەرییەک قبووڵ بکات، کە بە روونی ببێتە هۆی کۆتاییهێنانی تەواوەتی شەڕ."
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، چاوەڕوان دەکرێت شاندێکی حەماس ئەمڕۆ چوارشەممە لە قاهیرە لەگەڵ نێوەندگیرە میسری و قەتەرییەکان کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازەکەی ئەمریکا.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال تروس رایگەیاند، ئیسرائیل رازی بووە بە مەرجەکانی ئاگربەستێکی 60 رۆژە لە غەززە. داوای لە حەماس کرد پێش ئەوەی دۆخەکە خراپتر بێت، رێککەوتنەکە قبووڵ بکات.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوشارەکانی لەسەر حکومەتی ئیسرائیل و حەماس زیاد کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتاییهێنانی جەنگ.
 
رۆژی سێشەممە، ترەمپ رایگەیاندبوو کە ئاگربەستی غەززە مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممەی داهاتووی دەبێت لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، گوتیشی: "رەنگە هەفتەی داهاتوو رێککەوتنێک بکرێت." 
 
پێشتریش حەماس رایگەیاندبوو، ئەوان ئامادەن 50 بارمتەی زیندوو و مردوو لە غەززە ئازاد بکەن، لە بەرامبەر کشانەوەی تەواوەتیی سوپای ئیسرائیل لە کەرتەکە و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیل رایگەیاندووە تەنیا کاتێک بە کۆتاییهێنان بە جەنگ رازی دەبێت، ئەگەر حەماس خۆی رادەست بکات، چەک دابنێت و خۆی دووربخاتەوە، شتێک کە بزووتنەوەکە رەتیدەکاتەوە ئەو کارە بکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە