رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل داوای لە سەربازە یەدەگەکانی کرد، وەڵامی فەرمانەکان بۆ چوونە ریزی سوپا بدەنەوە و خۆیان بۆ چوونە بەرەکانی جەنگ ئامادە بکەن، ئەوەش پێش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە دێت.
سەرەڕای گوشاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر ئیسرائیل بۆئەوەی کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت، سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە دەکات.
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی غەززە، هێزەکانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە لانیکەم 82 فەلەستینییان لە کەرتی غەززە کوشتووە.
لە تەلئەڤیڤی ئیسرائیل، گرووپێک لە هێزە یەدەگەکانی سوپای ئیسرائیل رەتیانکردەوە بچنە ریزی سوپا و بانگهێشتی هاوکارەکانیان کرد خۆیان لە ریزی سوپا تۆمار نەکەن.
وەکو میدیای ئیسرائیل ئاماژەی پێدەکات، سوپا لە یەکەم قۆناخدا 40 هەزار کەسی لە هێزی یەدەگ بانگهێشت کردووە.
ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل داوای لە هەموو هێزی یەدەگ کردووە کە بچنە ریزی سوپا بۆ ئەوەی هێزی زیاتر بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ببەخشن.
سوپاسالار دەڵێت: "دەچینە شوێنێک کە پێشتر نەچووین."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ستایشی سوپای کرد و گوتی، ئەندامانی سوپا "ئیسرائیل بەرەو سەرکەوتنێکی فراوان دەبەن".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە کار بۆ لەنێوبردنی حەماس دەکەین و لەم رێگەیەشدا شتی سەرسوڕهێنەر بەدەستهێندراوە و بەرەی موقاوەمەی ئێرانمان شکاند."
لەبارەی جەنگی غەززەش، نەتەنیاهوو گوتی: "ئەوەی لە غەززە دەستی پێکرد، دەبێت لە غەززە کۆتایی پێبێت."
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد کە لە جەنگەکەدا حکومەتەکەی "بڕیاری زۆر سەخت"ی داوە؛ "بڕیارێک کە هیچ کەس باوەڕی نەدەکرد بتوانین جێبەجێی بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ