رووداو دیجیتاڵ
ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، حەماس جەنگەکەی لە غەززە دۆڕاندووە و دەبێت "خۆبەدەستەوەدان" قبووڵ بکات؛ بەپێی ئەو پلانەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشکێشی کردووە.
گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکە تاوتوێی وەڵامی خۆی بۆ پلانەکەی ترەمپ دەکات، کە لەلایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بە ئاشکرا پشتیوانی لێکراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 02-10-2025، بارۆ لە سعودیە، کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک لەسەر کاروباری ئاسایشی جیهانی لەوێیە گوتی: "حەماس بەرپرسیارێتییەکی زۆر قورسی لە ئەستۆدایە بۆ ئەو کارەساتەی کە فەڵەستینییەکان تووشی بوون."
گوتیشی: "ئەوان دۆڕاون. دەبێت خۆبەدەستەوەدانی خۆیان قبووڵ بکەن،" و ئاماژەی بە بڕیارێکی ئەم دواییەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە داوای دوورخستنەوەی حەماس لە سەرکردایەتیی دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین دەکات.
بارۆ جارێکی دیکە پشتیوانیی فەرەنسای بۆ پلانی ترەمپ دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئامادەن "کار لەسەر جێبەجێکردنی بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، برسێتی و ئازارەکانی غەززە." بارۆ رەتیکردەوە پێشبینیی ئەوە بکات چی روودەدات ئەگەر حەماس رێککەوتنەکە رەتبکاتەوە.
پلانەکەی ترەمپ داوای ئاگربەست، ئازادکردنی بارمتەکان لە ماوەی 72 کاژێردا، چەکداماڵینی حەماس و کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل لە غەززە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ