ئیسرائیل تیمی دانوستاندنکاری مۆساد لە قەتەر دەکشێنێتەوە

02-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل رایگەیاند، دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەی زیاتر بە نێوەندگیریی دەوحە لەگەڵ حەماس، گەیشتوونەتە بنبەست، بۆیە بڕیاریداوە تیمی دانوستاندنکاری مۆساد لە قەتەر بکشێنێتەوە. 
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، "دوای بەبنبەستگەیشتنی دانوستاندنەکان، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران بنیامین نەتەنیاهوو، دەیڤد بارنیە، سەرۆکی موساد تیمەکەی خۆی لە دەوحە راسپارد بگەڕێنەوە ئیسرائیل."
 
ئەمڕۆ ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردوومان کرد و حەماس و هاوپەیمانەکانیشی ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد. 
 
وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە رایگەیاند، لە تەواوبوونی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەوە لە بەیانیی رۆژی هەینییەوە، لاینکەم 240 هاووڵاتیی سڤیل بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە "شەهیدبوون."
 
دووکەڵ دووبارە ئاسمانی باکووری ناوچە فەلەستینییەکەی داپۆشی. لەگەڵ خۆرائاوابوونیش، بەهۆی نەبوونی کارەبا، تاریکی باڵی بەسەریدا کێشا. 
 
فازل نەعیم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلهەلی عەرەب لە شاری غەززە گوتی، رۆژی شەممە، ساردخانەی نەخۆشخانەکە 30 تەرمی پێ گەیشتووە کە حەوتیان منداڵ بوون. 
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە نێوڕاست و باشووری ئیسرائیل 40 جار زەنگی ئاگاداریی هێرشی مووشەکی لێدراوە، لە کاتێکدا حەماس و جیهادی ئیسلامی ژمارەیەک شار و شارۆچکەی ئیسرائیلیان بە گورزە مووشەک کردنە ئامانج، لە نێویاندا، تەلئەڤیڤ. 
 
پیتەر لێرنەر، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە، بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاند، "زیاتر لە 250 مووشەک لە بەیانیی رۆژی هەینییەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون. زۆربەی هەرە زۆریان لە پێکانی ئامانجەکانیان سەرکەوتوو نەبوون. بێگومان هەر یەکە لەمانە ئامانجیان کوشتنی ئیسرائیلییەکانە."
 
نەمر بێل، هاووڵاتیی تەمەن 43 ساڵی کەرتی غەززە دەڵێت، 10 کەسی خێزانەکەی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە کوژراون و هێشتا 13ـی دیکەشیان لە ژێر داروپەردوودا ماون. دەشڵێت، "فڕۆکە جەنگییەکان ماڵەکانیان بۆردوومانکردین؛ بە سێ مووشەک، سێ خانوو خاپوورکران."
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکرێت 1.7 ملیۆن کەس لە غەززە، کە دەکاتە زیاتر لە دوو لەسەر سێی کۆی دانیشتووانی، بەهۆی هەشت هەفتەی شەڕەوە ئاوارەبووبن. 
 
بەهۆی ئابڵۆقەی ئیسرائیلی بۆ سەر کەرتەکە، خەڵکی غەززە بەدەست کەمیی خۆراک، ئاو و پێداویستییەکانی دیکەوە دەناڵێنن و زۆر ماڵ وێرانکراون. ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان باری کارەساتی مرۆییان لە کەرتەکە راگەیاندووە؛ ئەوەی کە ژمارەیەکی کەمی بارهەڵگری یارمەتیی مرۆیی گەیشتوونەتە ناوچەکە.
 
پاسکال هەند، سەرۆکی کارەکانی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە دەڵێت، "ماڵەکان، نەخۆشخانەکان، و ژێرخانی دیکەی گرنگ بۆ زیندوومانەوەی خەڵکی سڤیل تووشی وێرانکاری گەورە بوون. ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، بوار بە کاری مرۆیی کاریگەر نادات و دەترسم کارەساتێکی بۆ خەڵکی سڤیل لێ بکەوێتەوە."
 
دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە لە رۆژی هەینی، ئیسرائیل بە رێکخراوە مرۆییەکانی راگەیاندبوو کە نابێت بارهەڵگرەکانیان لە دەروازە رەفەحەوە لە میسرەوە بپەڕنەوە بۆ نێو غەززە، بەڵام رۆژی شەممە، مانگی سووری فەلەستینی رایگەیاند، میسرییەکان توانیویانە ژماریەک بارهەڵگر بنێرنە غەززە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە