رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەستپێکردنەوەی جەنگ لەنێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە نیگەرانە و دۆخەکەش بە "کارەساتبار" ناودەبات.
رۆژی هەینی، 1-12-2023، ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک، نیگەرانیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە دەستپێکردنەوەی جەنگەکە راگەیاند و گوتی، "داوا لە هەموو لایەنەکان و وڵاتان دەکەین کە هەوڵەکانی خۆیان دوو هێندە بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیێندرێتەوە".
هاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "نیگەرانین لە دەستپێکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و بەهیواین ئاگربەستێکی نوێ رابگەیێندرێت".
هاوکات یانس لەیەرکی، گوتەبێژی نووسینگەی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ گوتی، "دەستپێکردنەوەی جەنگ واتە گەڕانەوەی دۆزەخ بۆ غەززە دێت".
بەرەبەیانی رۆژی هەینی دوای ئەوەی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی هات، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە دەستپێکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەوە 240 هاووڵاتیی فەلەستینی کوژراون و 650 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ 4 رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ