رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سووریا دڵی کۆمارییەکانی خۆشنەکردووە و لێی ناڕازین. سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە لەو حیزبەیە دەڵێت، ئیدارەی بایدن بۆ ماوەی هەفتەیەک چاوەڕێیان کرد و بە ئاماژەی ناڕاستەوخۆ شێوازی وەڵامەکەیان بە جیهان و ئێران راگەیاند، ئینجا هێرشیانکرد.
رۆژی شەممە، 03-02-2024، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە حیزبی کۆمارییەکانی ئەو وڵاتەیە، رەخنەی لە شێوازی هێرشەکەی ئیدارەی بایدن بۆ سەر سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی "پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێران" لە عێراق و سووریا گرت و رایگەیاند، "ئیدارەی بایدن بۆ ماوەی هەفتەیەک چاوەڕێیان کرد و بە ئاماژەی ناڕاستەوخۆ شێوازی وەڵامەکەیان بە جیهان و ئێران راگەیاند."
رۆژی 28-1-2024 لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بنکەی تاوەر22 لە ئوردن سێ سەربازی کوژران.
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر چەند دامەزراوەیەکی "سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی سەر بەئەوان" و زیاتر لە 100 مووشەکیان تێگرتن.
لەبارەی هێرشەکەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمە دەستپێکی وەڵامەکەمانە و وەڵامی دیکەمان دەبێت."
جۆنسن دەڵێت، "کوژرانی خەمهێنی سێ سەربازمان لە ئوردن کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کرا، پێویستی بە وەڵامێکی بەهێز و روون بوو."
بەرپرسە ئەمریکییەکە پێیوایە کە بایدن لەدوای هێرشەکەی 28-1-2024 لە ئوردن کە سێ سەربازی ئەمریکی تێدا کوژرا، چەند جارێک بە ناڕاستەوخۆ باسی هێرشی ئەمریکای کردووە و ئاماژەی بە جۆری هێرشەکە داوە.
ئەو بەرپرسەی کۆمارییەکان هەروەها دەڵێت، "ئێمە 150 هێرشمان [بۆ سەر هێزەکانمان] بینی، گیانی ئەمریکیمان لەدەستدا و بە ملیاران دۆلارمان لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە لە ناوچەکە خەرجکردووە، کەچی ئیدارەی بایدن درەنگ کەوتن لە داننان بەوەی کە ئاسوودەکردنی ئێران بووەتە مایەی کارەسات بۆ سەقامگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوچەکە."
مایک جۆنسن یەکەم کۆماری نییە بەوجۆرە رەخنە بگرێت. چەن کاژێرێک دوای هێرشەکەی ئەمریکا، تۆم کۆتۆن، سیناتۆری کۆماری پەیامێکی هاوشێوەی لە ئێکس بڵاو کردەوە، "هێرشەکانی ئیدارەی بایدن لە دژی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێران زۆر درەنگ کەوتن و دوای ئەوە هاتن کە ئاماژەیان بەدەستەوەدا لەوەی هێرشەکان چۆن دەبن."
جۆنسن لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئیدی کاتی ئەوەیە بایدن درک بەوە بکات کە سیاسەتی رازیکردنی ئێران شکستی هێناوە. ئێمە دەبێت لە دژی ئەوانەی زیان بە ئەمریکییەکان دەگەیەنن و تیرۆر بڵاودەکەنەوە، بەهێز بوەستینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ