رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکای بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی ئەمریکا دەیکات لە هێرشکردنە سەر عێراق و سووریا بەنزینکردنە بە ئاگر دا.
رۆژی شەممە، 3ـی شوباتی 2024، بزووتنەوەی حەماس راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سووریا بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەمریکا بەرپرسیارێتیی تەواو لەو هێرشە شەڕانگێزییانەی لە عێراق و سووریا لە ئەستۆ دەگرێت".
بزووتنەوەی حەماس دەشڵێت: "ئەوانەی بەنزین بە ئاگر دا دەکەن، دڵنیاتان دەکەینەوە کە تاوەکو دەستدرێژی زایۆنییەکان (ئیسرائیلییەکان)، تاوانە کۆمەڵکوژییەکان و پاکتاوکردنی گەلی فەلەستین بەردەوام بێت، ئاشتی و سەقامگیری روو لە ناوچەکە ناکات".
لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکیدا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەوی هەینی، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمڕۆ هێرشەکانمان دەستیان پێکرد، بەڵام بەردەوام دەبن لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵی دەبژێرین."
ئەمریکا دەڵێت، ئەوە تەنیا "سەرەتایە" و زنجیرەیەک هێرشی دیکەش بەڕێوەن لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم بڵاویکردەوە، "کاژێر 12:00ـی شەو (بەکاتی هەولێر) هێزەکانمان چەند هێرشێکیان لە عێراق و سووریا کردە سەر سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە میلیشیاکان".
سێنتکۆم هەروەها دەڵێت، 85 شوێنی گرنگی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و چەند فڕۆکەیەکیش لە ئەمریکاوە فڕیون و 125 مووشەکیان تەقاندووە و هێرشەکان لە رێگەی ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژی دوورمەوداوە کراون.
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا و عێراق هەروەک ئەمریکا باسیدەکات، "لە تۆڵە و وەڵامی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکییە کە لە 28-1-2024 لە ئوردن بە درۆنێک کوژران".
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا بڵاویانکردووەتەوە، کە 18 چەکداری گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا کوژراون و دەستی حەشدی شەعبیش لە رایگەیاندووە، کە هێرشەکە بووەتە کوژرانی 16 ئەندامی گرووپەکە.
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، بەهۆکاری ئەوەی کە هاوسۆزن لەگەڵ فەلەستین، زیاتر لە 165 جار لە یەمەن، ئوردن عێراق و سووریا و رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ