حەماس: بۆ دانوستاندن لەسەر قۆناخی دووەمی ئاگربەست ئامادەین

03-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حەماس دەڵێت، ئامادەیە لەسەر وردەکاریی جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەستی جەنگ و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوەکان دانوستاندن بکات.
 
رۆژی دووشەممە 03-02-2025، بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "حەماس لە ماوەی پەیوەندییە بەردەوامەکانی لە قاهیرە کە هەفتەی پێشوو لەگەڵ نێوەندگیرە میسرییەکان چەند کۆبوونەوەیەکیان کرد، رایگەیاندووە کە ئامادەن بۆ ئەوەی دانوستاندن لەسەر قۆناخی دووەمی ئاگربەست بکەن."
 
حەماس گوتوویەتی: "داوا لە نێوەندگیرەکان دەکەین کە داگیرکار [ئیسرائیل] پابەندی مەرجەکان بێت و نەکشێتەوە."
 
بەرپرسێکی دیکەی بزووتنەوە فەلەستینییەکە گوتی، گرووپەکە چاوەڕێی نێوەندگیرەکان دەکەن بۆ ئەوەی دەست بە گەڕی دووەمی ئاگربەستەکە بکەن.
 
بەگوێرەی مەرجەکانی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، پێویستە دانوستاندن لەسەر قۆناخی دووەم دوای 16 رۆژ لە قۆناخی یەکەم دەستپێبکات کە ئەمەش دەکاتە رۆژی دووشەممە 3ـی مانگ.
 
قۆناخی یەکەم کە لە 19ـی مانگی رابردوو دەستیپێکرد و ماوەکەی 42 رۆژە.
 
بەگوێرەی ئاگربەستەکە، لە قۆناخی یەکەم حەماس پێویستە 33 بارمتەی ئیسرائیلی رادەست بکاتەوە، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا هەزار و 900 بەندکراو ئازاد بکات.
 
پێشبینی دەکرێت قۆناخی دووەم تایبەت بێت بە ئازادکردنی بارمتەکانی دیکەی غەززە و دانوستاندن لەسەر راگرتنی یەکجارەکیی شەڕ لە کەرتەکە.
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، نەتەنیاهوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەنگەشەی قۆناخی دووەم دەکەن.
 
ئێستا نەتەنیاهوو لە واشنتنە و بڕیارە سبەی سێشەممە لەگەڵ ترەمپ کۆبێتەوە.
 
لە 19ـی کانوونی دووەمەوە بزووتنەوەی حەماس 18 بارمتەی ئازاد کردوون، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 583 گیراوی فەلەستینی ئازاد کردوون.
 
بڕیارە تاوەکو چوار هەفتەی دیکە، 15 بارمتەی دیکە و نزیکەی هەزار و 500 گیراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن. نزیکەی 80 بارمتە ماون، کە کوژرانی 34یان لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە