رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ، سوپای وڵاتەکەی بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئێران و هۆشدارییش دەداتە حیزبوڵڵای لوبنانی کە بە هێزێکی "زۆر زیاترەوە" وەڵامی هێرشەکانی دەدەنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهوو لە کاتی سەردانیکردنی بنکەیەکی هێزی ئاسمانی لە نێوەڕاستی ئیسرائیل، گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا جەختی لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی کردەوە.
نەتەنیاهوو رایگەیاند، "بەردەوامین لە لێدانی ئێران بە هێزێکی زۆر. فڕۆکەوانەکانمان لە ئاسمانی ئێران و تاران و هەروەها لە ئاسمانی لوبناندان."
سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان وڵاتەکەی و حیزبوڵڵای لوبنانی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "حیزبوڵڵا هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد، کاتێک هێرشی کردە سەرمان. ئێمە پێشتر بە تووندی وەڵاممان داوەتەوە، بەڵام لەمەودوا بە هێزێکی زۆر گەورەتر وەڵامیان دەدەینەوە."
ئەم پەیامەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان چڕتر کردووەتەوە و لەم دوو رۆژەیشدا زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی نێو ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ