ئێران زیاتر لە 1,400 مووشەک و درۆنی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر، وەزارەتەکانی بەرگریی وڵاتانی کەنداو، ئوردن و ئیسرائیل زانیاری ورد لەبارەی ژمارەی ئەو مووشەک و درۆنانە بڵاودەکەنەوە کە ئێران لە چوار رۆژی جەنگدا لە هێرشەکانیدا بەکاری هێناون. بەپێی داتا فەرمییەکان، تاران زیاتر لە 1,400 مووشەک و درۆنی لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە. 
 
هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە چوار رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان 21 جار هێرشی کراوەتەسەر کە سەرجەمیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، جگە لە یەک هێرشیان کە بۆ سنووری پارێزگای دهۆک بووە. 
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 درۆن و مووشەک ئاراستەی سنووری پارێزگاکەمان کراون".
 
زۆرینەى مووشەکەکان ئاراستەی فرۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر کراون کە بارەگای هێزی هاوپەیمانانی لێیە.  
 
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، سیستمێکی "تۆکمەی" بەرگری دانراوە و تەواوی هێرشەکانی پووچەڵ کردوونەتەوە، پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکەیان لە زەوی.
 
هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بە 150 مووشەک 
 
ئێران لە رۆژی شەممەوە نزیکەی 400 مووشەکی بالیستی و 1,000 درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە کردووە، کە 150 مووشەکیان بۆ ئیسرائیل بوون.
 
زۆرینەى مووشەکەکان بۆ شارەکانی تەل ئەڤیڤ، حەیفا و ئورشەلیم/قودس بوون. 
 
لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا 12 کەس کوژراون؛ زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون. 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێ، 90%ـی مووشەکەکانی خستونەتە خوارەوە و زۆربەی بریندارەکانیش لە ئەنجامی بەرکەوتنى پاشماوەى مووشەکەکانەوە بووە. 
 
هێرشکردنە سەر ئیمارات بە زیاتر لە 800 درۆن 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتى بەرگریى ئیمارات، ئەو وڵاتە رووبەڕووی زۆرترین هێرش بووەتەوە کە 186 مووشەکی بالیستی و 812 درۆن بوون. 
 
ئامانجێكی سەرەکی بنکەی ئاسمانیی "زەفرە" بووە کە ناوەندێکی گەورەی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکایە.
 
هەروەها هێرشی گەورە کراوەتەوە سەر دووبەی و چەند شوێنێک زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، لەوانەش هۆتێلی (فێیەرمۆنت پام). 
 
هەروەها درۆنەکان بوونەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆتێلی (بورج عەرەب)؛ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دووبەیش لەو شوێنانە بووە هێرشی کراوەتە سەر.
 
178 مووشەک سنووری ئاسمانی کوێتیان بەزاندووە
وەزارەتى بەرگریى کوێت دەڵێ، 178 مووشەک و 384 درۆن ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە و یەکێک لەو شوێنانەش کراوەتە ئامانج بنکەی (عەلی سالم) بووە. 
 
تاران رایگەیاندووە، چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت و چەند ناوەندێکی پاڵاوتنی نەوت لە ناوچەى ئەحمەدییە.
 
65 مووشەک بە ئاراستەی قەتەر تەقێندراون 
وەزارەتى بەرگریى قەتەر دەڵێ، 65 مووشەک و 12 درۆن ئاراستەی خاکی وڵاتەکەی کراون. 
 
ئێران دەڵێ، ئامانجەکە بنکەی عودەیدە بووە کە گەورەترین ناوەندی سەربازیی ئەمریکایە. بەڵام هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان زیانی گەورەیان بە زۆر ناوچەی ئەو وڵاتە گەیاندووە. 
 
وەزارەتی بەرگریی قەتەر دەڵێ، پشتڕاستی کردەوە کە ئێران کێڵگە گازییەکانی لە ناو جەرگەی وڵاتەکە کردووەتە ئامانج.
 
73 مووشەک ئاراستەی بەحرێن کراون 
 
وەزارەتى بەرگریى بەحرێنیش دەڵێ، 73 مووشەک و 34 درۆن ئاراستەی وڵاتەکەی کراون. 
 
بارەگای فەیلەقی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لەو وڵاتەیە و ئێران دەڵێ، ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی ئەوێ بووە. 
 
ئێران هەروەها دەڵێ، بەندەری سەلمان کە بەندەرێکی ستراتیژییە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرە، بە چەندین مووشەک و درۆن کراوتە ئامانج. 
 
بەڵام بەرپرسانی بەحرێن باس لەوە دەکەن، هێرشەکان زیانی زۆر گەورەیان بە وڵاتەکەەیان گەیاندووە. 
 
هێرشکردنە سەر سعودیە و ئوردن
 
هێزە چەکدارەکانی ئوردن دەڵی، 1 مووشەک و 49 درۆنیان لە ئاسمانی وڵاتەکەدا تێکشکاندووە. 
 
لە سعودیەش پاڵاوگەی "راس تەنوورە" کە یەکێکە لە گەورەترین ناوەندەکانی وزە لە جیهان، دوێنێ دووشەممە بە مووشەکی بالیستی کرایە ئامانج.
 
وەزارەتى بەرگریى عومانیش بە فەرمی ئامانجگرتنی بەندەری "دوقم"ـی لە رێگەی 2 درۆنەوە پشتڕاستکردەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: فەرمانم بە سوپا کردووە دەست بەسەر شوێنی زیاتری لوبناندا بگرن

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە سوپا کردووە پێشڕەویی زیاتر بکەن بۆ نێو خاکی لوبنان و دەست بەسەر پێگەی زیاتردا بگرن، ئەوەش دوای هێرشەکانی حیزبوڵڵا.