رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەی شەو و رۆژی رابردوودا زیاتر لە 160 ئامانجی حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان پێکاوە. راشیگەیاند، هێرشەکان چەکدارانی "هێزی رەزوان" و چەندین ناوەندی فەرماندەیی ئەو رێکخراوەیان کردووەتە ئامانج.
رۆژی سێشەممە، 3ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەو شوێنانەی پێکراون، لەلایەن حیزبوڵڵاوە بۆ پلاندانان و هێرش دژی هێزەکانمان و هاووڵاتییانی ئیسرائیل بەکاردەهاتن."
سوپاکە ئەوەشی خستە روو، کە پێش دەستپێکردنی هێرشەکان، رێکاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانی هاووڵاتییانی سڤیل، لەوانە بەکارهێنانی چەکی ورد و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.
ئەم راگەیێندراوەی سوپای ئیسرائیل دوای ئەوە هات، دوێنێ حیزبوڵڵا هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش وەڵامیدایەوە. ئەمە دوای ئەوە هات، کە رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا-ئیسرائیل دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران کرد و دواتر ئەوانیش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە.
سوپای ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کردەوە، "بە توندی بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی حیزبوڵڵا، کە بڕیاری داوە بەشداری لەم هەڵمەتەدا بکات و لەژێر چەتری رژێمی ئێران کار بکات."
دوێنێ و بۆ رێگری لە ئەگەری هێرشی زیاتری سوپای ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، حکومەتی لوبنان هەموو چالاکییەکانی حیزبوڵڵای لە وڵاتەکەیدا قەدەخەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ