نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرشەکانی بۆ سەر سووریا رابگرێت

03-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گیەر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، ئەمڕۆ شەممە، داوای لە ئیسرائیل کرد هێرشەکانی بۆ سەر سووریا بوەستێنێت. 
 
دوای گرژییە تائیفییەکانی هەفتەی رابردوو کە بە گوتەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بوونە هۆی کوژرانی 119 کەس و زۆربەیان دورزی بوون، ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی کردنە سەر هێزەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا. 
 
ئیسرائیل کە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە رووبەرێکی فراوانتری سووریای داگیرکردووە، دەڵێت، دەیەوێت پێکهاتەی دروزەکان بپارێزێت. 
 
پیدەرسن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "پێشێلکارییە بەردەوام و گەورەبووەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر سەروەریی سووریا بە توندی سەرکۆنە دەکەم، لە نێویاندا ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی کە کرانە سەر دیمەشق و شارەکانی دیکە."
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، رۆژی هەینی، ئیسرائیل زیاتر لە 20 هێرشی ئاسمانی کردنە سەر پێگە سەربازییەکانی چەند ناوچەیەکی جیاجیای سووریا، کە ئەوانە "سەخترین" هێرش بوون ئەم ساڵ لە لایەن ئیسرائیلەوە کرابێتنە سەر دراوسێکەی. 
 
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) باسی لەوە کرد، هێرشەکان بە نزیک دیمەشق، نێوەڕاست، رۆژئاوا و باشووری وڵات کەوتوون و کەسێکی سڤیل کوژراوە. 
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێرشمان کردە سەر شوێنێکی سەربازی، تۆپی دژە فڕۆکە و مووشەکی زەوی بە ئاسمان لە سووریا."
 
فیراس عابدینی تەمەن 32 ساڵ، ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە حەرستا لە نزیک دیمەشق، کە یەکێک لە هێرشەکان بەر ئەو شوێنە کەوت، گوتی، گوێی لە چەند "گرمەیەکی زۆر گەورە" بووە و پێگەیەکی سەربازیی چۆڵکراوی سەردەمی ئەسەد کراوەتە ئامانج. 
 
ئەو هێرشانە دوای ئەوە هاتن کە بەرەبەیانی رۆژی هەینی، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر شوێنێکی نزیک لە کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا لە دیمەشق.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگرییەکەی رایانگەیاند، ئەوە "پەیامێکی روونە" بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا. 
 
ئەوان دەلێن: "رێگە بە ناردنی هێز بۆ باشووری دیمەشق یان هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر خەڵکی دروز نادەین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.