وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی عێراق دەکات

03-06-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی سووریا بە سەردانێک دەگاتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبێتەوە. 
 
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی شەممە، 03-06-2023 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا دەگاتە بەغدا و بەیانیی سبەی یەکشەممە بەرنامەکانی دەستپێدەکات. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و هەر چوار سەرۆکایەتییەکە کۆدەبێتەوە.
 
ئەحمەد سەحاف راشیگەیاند، ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا و دیمەشق و رۆڵی عێراقە لە گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی؛ هەروەها وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێدەکەن، بەشێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دراوسێ گونجاو بێت.
 
رۆژی 19-05-2023 بەشار ئەسەد بەشداری لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کرد. دابڕانی ئەسەد لە گۆڕەپانی دیپلۆماسییەتی جیهان و کۆمکاری عەرەبی نزیکەی 12 ساڵی خایاند، بەڵام بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی ئەمساڵ ئەو نێوەندەی بەرەبەرە چاککردەوە. ناردنی هاریکاریی بۆ زیانلێکەوتووان سەری بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان کێشا و پێشبینیش دەکرێت لە داهاتوودا جموجووڵە سیاسی و بازرگانییەکانی سووریا و وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی زیاد بێت.
 
رۆژی 7-5-2023، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، بڕیاریان دا کۆتایی بە هەڵپەساردنی ئەندامێتی سووریا لە کۆمکارەکە بهێنن.
 
رۆژی 12ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2011، وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەب لە قاهیرە بڕیاری هەڵپەساردنی بەشدارییکردنی شاندەکانی سووریایان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی دا، تاوەکو ئەو کاتەی ئەو وڵاتە پابەند دەبێت بە بەڵێننامەکانی و پارێزگاری لە هاووڵاتیانی سڤیل دەکات و داوایان لە سوپای سووریاش کرد، لە تووندوتیژیی دژی هاووڵاتییان تێوەنەگلێت. سەرباری ئەوەش، ژمارەیەک سزای ئابووری و سیاسییان بەسەر حکومەتی سووریادا بەسەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد سەپاند.
 
قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و لەوکاتەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ قەیرانەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە