رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە ئەنقەرە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 3/6/2023 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، به بانگهێشتێکی فه‌رمی بۆ به‌شداری له رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌کاربوونی به‌ڕێز ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رکۆماری تورکیا، گه‌یشته ئه‌نقه‌ره."
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ده‌یان سه‌رۆک و سه‌رکرده و به‌رپرسانی باڵای وڵاتان، به‌شداری له رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌کاربوونی سه‌رۆک ئه‌ردۆغان له خولی تازه‌ی سه‌رۆکایه‌تی و ئێواره‌خوانێکدا ده‌کات که به‌بۆنه‌ی سوێندخواردنییه‌وه ساز ده‌کرێت.
ئەمڕۆ شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە وەک سەرۆککۆماری تورکیا سوێندی یاسایی دەخوات و دواتر کابینەی نوێی حکومەتەکەی رادەگەیێنێت.
کاژێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی ئەنقەرە (هەمان کات بە گوێرەی هەولێر) ئەردۆغان گەیشتە پەرلەمانی تورکیا بۆ ئەوەی سوێندی یاسایی بخوات؛ دواتر لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بەئامادەبوونی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ژمارەیەک وڵات، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە گوتارێک پێشکێش دەکات و باس لە پلانی پێنج ساڵی حکومەتەکەی لەنێوخۆ و سیاسەتی دەرەوەی دەکات.
هەر ئەمڕۆ ئەردۆغان ناوی وەزیرانی کابینەکەی رادەگەیێنێت و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە؛ رۆژی 4ی حوزەیرانیش، وەزیرانی کابینە نوێیەکەی حکومەتی تورکیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا سوێندی یاسایی دەخۆن و رۆژی 5ی حوزەیران، لەگەڵ وەزیرانی پێشوو ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکەن و دەستبەکار دەبن.
ژمارەیەک سەرکردە بۆ رێوڕەسمەکە بانگهێشتکراون، لەوانەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی دۆستانە و بەهێز لە نێوانیاندا هەیە.
رۆژی 31-5-2023 سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان قسەی کرد و پیرۆزبایی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆککۆماری تورکیا لێکرد.
هەردوو سەرۆک لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ ئەنقەرە قسەیان کرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان بە فەرمی نێچیرڤان بارزانی بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنەکەی بانگهێشت کرد.
لەسەر ئاستی عێراقیش فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبێت.
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی بەربژێری هاوپەیمانیی جهموور 52.18%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە دەکاتە 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ. لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵوی بەربژێری هاوپەیمانی میللـەت %47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 دەنگ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ