منداڵانی غەززە لەژێر گەمارۆی سەختی ئیسرائیلدا دەپووکێنەوە

03-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
دایکێک منداڵەکەی لە باوەشگرتووە کە لە بەدخۆراکیدا خەریکە گیان لەدەست دەدات
دایکێک منداڵەکەی لە باوەشگرتووە کە لە بەدخۆراکیدا خەریکە گیان لەدەست دەدات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە ژێر گەمارۆی تووندی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، مەرگێکی هێواش رووی لە منداڵانی ناوچە فەلەستینییەکە کردووە. نەک تەقینەوەی بۆمب و مووشەک، بەڵکو بە برسێتییەکی کوشندەی بێدەنگ.
 
لە ژوورێکی تاریکی پەناگەیەکی قەرەباڵخی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری غەززە، سەماح مەتەر، ئەمیری کوڕی لە ئامێز گرتووە. لە پشتییەوە و لەسەر دۆشەکێکی تەنک، یوسفی تەمەن شەش ساڵان بێ جووڵە کەوتووە. هەردوو منداڵەکە بەدەست بەدخۆراکیی تووند و ئیفلیجی مێشکەوە دەناڵێنن.
 
پێش جەنگ، تەندروستییان زۆر باش بوو. ژەمەکانیان بە باشی دەخوارد؛ میوە، سەوزە، شیری تایبەت و تەنانەت شۆربای گەرمی مریشکیشیان پێدەدرا، بەڵام ئێستا، سەماحی دایکیان بە دەردەسەری ئاردیشی دەست ناکەوێت. شیرنەمەنی و خواردنەکانی دیکەش تەنیا یادگارین. 
 
سەماح مەتەر، دایکی منداڵەکانە و دەڵێت، "ئەم منداڵانە پێداویستیی خواردنیان تایبەتن. ئێستا نە شیری وشک هەیە نە دایبی. ئاردیشم بە زەحمەت دەستدەکەوێت. شەکر کە پێکهاتەیەکی سەرەکیی نێو ژەمەکانیان بوو، دەست ناکەوێت. پێش جەنگ، لەو پەڕی تەندروستیدا بوون."
 
یوسف زیاتر لە سێیەکی کێشی لەشی لەدەستداوە. ئەمیریش تەمەنی تەنیا چوار ساڵە و کێشی کەمترە لە شەش کیلۆگرام.
 
لە نەخۆشخانەیەکیش لە کەرتەکە، ئومنیە مەهرا هەردوو کوڕە بچووکەکەی، عودەی و محەممەدی لە باوەش گرتووە. هەردووکیان بەدەست بەدخۆراکی و نەخۆشییەکی دەگمەنی دەمارەوە دەناڵێنن.
 
ئومنیە میهرا، دایکی عودەی و موحەممەدە و دەڵێت، "گرفتارم. بەردەوام پێویستیان بە شیرە. بەردەوام پێویستیان بە گۆڕینی دایبییە و بەردەوام سکچوونیانە. نەخۆشن و شەو خەویان لێ ناکەوێت. پێویستیان بە ئازارشکێنە کە هیچیان دەستناکەون. شەو و رۆژ دەگرین."
 
پزیشکەکانی ئەوێ قەیرانێکی گەورەتر دەبینن. برسێتی چڕنووکی لێ گیرکردوون. پێداویستییە پزیشکییەکان خەریکە نامێنن. منداڵان لەژێر باری قورسی جەنگدا دەتوێنەوە.
 
موسعەبی تەمەن 14 ساڵان لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بریندار بووە. تووشی ئیفلیجی بووە و بەدخۆراکیی سەختی هەیە. شەهینازی دایکی، بە سرنج نانی تەڕکراوی دەداتێ، کە ئەوە تەنیا شتێکە هەیبێت.
 
تەنیا مانگی رابردوو، زیاتر لە پێنج هەزار منداڵ لە غەززە تووشی بەدخۆراکی بوون. لە چەند هەفتەی رابردوودا 28 منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات، بەڵام برسێتییەکە پێشوەخت گەیشتووە.
 
لە پەناگە و نەخۆشخانەکاندا، بە بێدەنگی بێت یان بە هاواری نەبیستراو، منداڵانی غەززە خەریکە لەنێودەچن. برسێتی چاوەڕێ ناکات و بەزەیی بە بێتاواناندا نایەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.