رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ دەگاتە تاران و لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران؛ ئەمڕۆ یەکشەممە ،3ـی ئەیلوولی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی تاران دەکات.
ئەمە یەکەم سەردانی هاکان فیدان دەبێت بۆ ئێران، دوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2023.
سەردانەکەی فیدان بۆ ئێران دوای سەردانەکەی بۆ رووسیا، عێراق و هەرێمی کوردستان دێت.
لەمبارەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "وەزیرمان وەڵامی بانگهێشتنامەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانی دایەوە و رۆژی 3ی ئەیلوولی 2023 سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات".
چاوەڕێ دەکرێت هاکان فیدان لە تارانی پایتەختی ئێراندا چەند دیدار و کۆبوونەوەیەک لە ئاستی باڵا بکات و کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ