رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر بنکەیەکی سوپای سووریا لە دێرەزوور و دوو سەربازی سوپای سووریا برینداربوون.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2023، میدیای فەرمی سووریا رایگەیاند: "نزیکی کاژێر 11:50 خولەکی شەو، "دوژمنە ئیسرائیلییەکان هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر بەشێک لە بنکەی هێزە چەکدارەکانمان لە دەوروبەری دێرەزوور".
لە راگەیێندراوەکەی سوپای سووریادا هاتووە کە هێرشەکە جگە لە زیانی مادی، بووەتە هۆی برینداربوونی دوو سەربازی سوپا.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، سێ تەقینەوە لە نزیک پێگەی گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە دێرەزوور روویداوە.
سەرچاوە خۆجێیەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، کە ئەو شوێنەی هێرشەکەی کراوەتە سەر خانوویەک بووە کە تێیدا چەک و تەقەمەنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی تێدا هەڵگیراوە.
لە ماوەی شەڕی 10 ساڵەی نێوخۆی سووریادا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا و بەشێوەیەکی سەرەکی پێگەکانی هێزەکانی نزیک لە ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای سووریا دەکاتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ