بەرپرسێکی حەماس: هێشتا کاتمان پێویستە بۆ تاوتوێکردنی پلانی ترەمپ بۆ غەززە

03-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس رایدەگەیێنێت، گرووپەکەیان هێشتا کاتی پێویستە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پلانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە پێشنیازی کردووە و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پاڵپشتیی دەکات.
 
رۆژی هەینی، 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند، "حەماس هێشتا بەردەوامە لە راوێژکاری سەبارەت بە پلانی ترەمپ و، نێوەندگیرانی ئاگادارکردووەتەوە کە راوێژکارییەکان بەردەوامن و پێویستیان بە کاتە."
 
رۆژی سێشەممە، ترەمپ مۆڵەتی "سێ یان چوار رۆژ"ـی دایە حەماس بۆ ئەوەی پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە پەسند بکات.
 
پلانەکە داوای ئاگربەست، ئازادکردنی بارمتەکان لە ماوەی 72 کاژێر، چەککردنی حەماس و کشانەوەی قۆناخبەندی ئیسرائیل لە غەززە دەکات. دوای ئەوەش دەسەڵاتێکی راگوزەری بە سەرۆکایەتیی خودی ترەمپ پێکدەهێندرێت.
 
زلهێزانی جیهان، بە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیشەوە، پێشوازییان لە پێشنیازەکە کردووە.
 
محەممەد نەزال، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس، رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پلانەکە چەند خاڵێکی جێی نیگەرانیی تێدایە و بەم زووانە هەڵوێستی خۆمانی لەسەر رادەگەیێنین."
 
 
هەروەها گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ نێوەندگیران و لایەنە عەرەبی و ئیسلامییەکان لە پەیوەندیداین و لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن جددین."
 
سەرچاوەیەکی فەلەستینیی نزیک لە سەرکردایەتیی حەماس رۆژی چوارشەممە بە ئاژانسە فەرەنسییەکەی راگەیاندبوو، بزووتنەوە ئیسلامییەکە "دەیەوێت هەندێک لە بەندەکان هەموار بکاتەوە، وەکو ئەوەی تایبەتە بە چەککردن و دەرکردنی ئەندامانی حەماس و باڵەکانی دیکە."
 
سەرچاوەکە هەروەها گوتی، سەرکردەکانی حەماس داوای "گەرێنتیی نێودەوڵەتی بۆ کشانەوەی تەواوی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە" و، گەرێنتی ئەوە دەکەن کە هیچ هەوڵێکی تیرۆرکردن لەناو یان دەرەوەی غەززە ئەنجام نادرێت.
 
دوو بۆچوون
 
سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "دوو بۆچوون لەناو حەماسدا هەن."
 
بەپێی سەرچاوەکە، "بۆچوونی یەکەم پاڵپشتی لە پەسندکردنی بێمەرج دەکات، چونکە ئەولەویەت بۆ ئاگربەستە لەژێر گەرێنتییەکانی ترەمپدا، لەگەڵ ئەوەی نێوەندگیران دڵنیایی دەدەن لە جێبەجێکردنی پلانەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە."
 
سەرچاوەکە هەروەها گوتی: "بۆچوونی دووەم تێبینیی جددیی لەسەر بەندە سەرەکییەکان هەیە و داماڵینی چەک و دەرکردنی هەر فەلەستینییەک لە غەززە رەتدەکاتەوە. ئەوان لەگەڵ پەسندکردنی مەرجدار دان لەگەڵ روونکردنەوەیەکدا کە رەنگدانەوەی داواکارییەکانی حەماس و باڵەکانی بەرگری بێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە