رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەم هەفتەیە فەرمانێکی جێبەجێکاریی واژۆ کرد و بەڵێنی دا بەرگری لە قەتەر بکات، ئەمەش دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە.
ئەم هەنگاوە ئەمنییەی واشنتن بۆ هاوپەیمانێکی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی وێنەی نەبووە، وەک دەستکەوتێک بۆ قەتەر سەیر دەکرێت.
ترەمپ بەڵێنی چی داوە؟
لە فەرمانەکەدا هاتووە، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر قەتەر وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی خۆی هەژماردەکات."
هەروەها دەڵێت، ئەمریکا "هەموو رێکارێکی یاسایی و گونجاو دەگرێتەبەر، لەوانەش دیپلۆماسی، ئابووری و ئەگەر پێویست بکات سەربازی، بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی و دەوڵەتی قەتەر" ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر.
بە گوتەی ئەندریاس کریگ، مامۆستا لە کینگز کۆلێجی لەندەن، ئەم فەرمانە "هێرشکردنە سەر دەوحە بە کێشەیەک بۆ واشنتن دادەنێت."
کریگ گوتیشی، "بۆ ناوچەکە، ئەمە جۆرێکە لە زیادکردنی توانای بەرگری، بەڵام لە هەمان کاتدا دەسەڵاتێکی فراوان بە ئەمریکا دەدات لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردن."
ئێلیزابێس دێنت، لیکۆلینڤانی باڵا لە پەیمانگای واشنتن بۆ لێکۆڵینەوە ئاماژەی بەوە کرد، فەرمانە جێبەجێکارییەکان، بە پێچەوانەی پەیماننامە پەسندکراوەکانی ئەنجوومەنی پیران، ناپابەندکەرن و دەکرێ هەڵبوەشێندرێنەوە.
دێنت، کە پێشتر بەڕێوەبەری کاروباری کەنداو و نیمچەدوورگەی عەرەبی بووە لە نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، دەڵێت، ئەگەرچی دەقی بڕیارە جێبەجێکارییەکە زۆر تووندترە بەراورد بەو بڕیارە جێبەجێکارییانەی پێشتر لە بارەی قەتەر یان هەر وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە نووسراون، "تاوەکو رادەیەکی زۆر جێبەجێ ناکرێ و ئەگەری هەیە بە مەبەست لێڵ و ناڕوون نووسرا بێت."
ئەمە بۆ قەتەر و ئیسرائیل مانای چییە؟
قەتەر هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەمریکایە و میوانداریی گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات، کە بنکەی عودەیدە؛ هەروەها سەرکردایەتییەکەشی لە ترەمپەوە نزیکە.
بەم دواییانە دووجار هێرشی کراوەتەسەر؛ یەکەمیان لە مانگی حوزەیران کاتێک ئێران بنکەی عودەیدی کردە ئامانج؛ دووەمیش مانگی رابردوو کاتێک هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس بووە هۆی کوژرانی شەش کەس، لەنێویاندا ئەفسەرێکی ئەمنیی قەتەری.
دوایین هێرش تووڕەییەکی زۆری لای قەتەر و وڵاتانی کەنداو دروستکرد کە بۆ پاراستنی ئاسایشیان بە رێژەیەکی زۆر پشت بە ئەمریکا دەبەستن.
دێنت دەڵێت، فەرمانەکەی ترەمپ "دەستکەوتێکی گەورەی دیپلۆماسی و ستراتجیییە" بۆ قەتەر و گوتیشی، "هەروەها ئاماژەیە بۆ ئەو بەهایەی ئەمریکا بۆ رۆڵی قەتەر وەک دانوستاندنکارێکی دیپلۆماسی دایناوە."
هەر لەو رۆژەی فەرمانەکە واژۆ کرا، ترەمپ پەیوەندییەکی سێقۆڵی ئەنجامدا کە تێیدا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، داوای لێبووردنی لە شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کرد و بەڵێنی پێ دا هیچ هێرشێکی دیکە نەکاتەوە سەر وڵاتەکەی.
دواتر قەتەر دەستی بە رۆڵی نێوەندگیریی خۆی لە جەنگی غەززەدا کردەوە و ترەمپیش پلانێکی نوێی بۆ غەززە راگەیاند کە بەرپرسانی حەماس تاوتوێی دەکەن.
دێنت دەڵێت، ئەم گەرەنتییە ئەمنییە "پێگەی تایبەتی" قەتەر لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات؛ ئاماژەی بە نێوەندگیرییەکانی لەگەڵ نەیارانی ئەمریکا وەک حەماس، ئێران و حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان کرد.
بۆ ئیسرائیل، کە لە ماوەی جەنگی غەززەدا بێ رێگرییەکی ئەوتۆ هێرشی کردووەتە سەر لوبنان، ئێران و یەمەن، ئەمە "زیانێکی ستراتیجی و هێماییە."
کریگ دەڵێت، هەر هێرشێکی داهاتوو بۆ سەر قەتەر "مەترسیی زیاتری هەیە کە وەڵامدانەوەیەکی جیدیی ئەمریکای بەداوادا بێت."
سەرەڕای ئەوە، شێوازی داڕشتنی فەرمانەکە، دەریدەخات کە ئەمریکا دەتوانێ لە وەڵامدانەوەکەیدا نەرمی بنوێنێ، بەتایبەتی لە سیناریۆیەکدا کە ئیسرائیل داوای مۆڵەت لە هاوپەیمانەکەی بکات بۆ ئەوەی هێرش بکاتەوە سەر قەتەر.
دێنت دەپرسێت، "ئایا ئەگەر هێرشەکە سەرکەوتوو بووایە لە پێکانی ئامانجە دیاریکراوەکانی، سەرۆک ترەمپ داوای هەمان ئەم شتەی ئێستای دەکرد؟"
وڵاتانی دیکەی کەنداو چۆن کاردانەوەیان دەبێت؟
لە بەرامبەر دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، واشنتن لەسەردەمی جۆ بایدندا بەڵێنی پێشکێشکردنی پاکێجێکی ئەمنیی بە سعودیە دا.
ئەو هەوڵانە دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 وەستان.
نزیکەی دوو ساڵ دواتر، سعودیە هەوڵی دا بژاردە ئەمنییەکانی هەمەجۆر بکات و مانگی رابردوو رێککەوتنێکی بەرگریی هاوبەشی لەگەڵ پاکستانی خاوەن چەکی ئەتۆمی واژۆ کرد.
ئیمارات کە هاوپەیمانێکی دیکەی ئەمریکایە لە کەنداو، بەپێی رێککەوتننامەکانی ئەبراهەم لە ساڵی 2020 دانی بە ئیسرائیل نا و پەیوەندی لەگەڵ دروستکرد.
بەڵام ئیمارات ئەو گەرەنتییە ئەمنییانەی نییە کە بە قەتەر دراون؛ هەروەها فرۆشتنی فڕۆکە تارماییەکانی ئێف-35ی ئەمریکی، کە دوای رێککەوتننامەکانی ئەبراهەم گرێبەستەکەی راگەیێندرا، هەرگیز نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
دێنت دەڵێت، بەڵێنە ئەمنییەکەی ترەمپ، قەتەر دەکاتە "هێزێکی هاوسەنگکەر لە ناوچەکەدا کە لانیکەم وا دەردەکەوێ ئەمریکا بەشێوەیەکی فەرمیتر گرنگی بە پاراستنی دەدات."
کریگ دەڵێت، "بۆ کەنداو بە گشتی، ئەمە ئاستەکە بەرزدەکاتەوە. وڵاتانی دیکە ئێستا دەکەونە هەوڵی بەدەستهێنانی گەرەنتیی هاوشێوە، ئەگەرنا، ناچار دەبن ستراتیجییەکانی خۆپارێزی و رێکخستنە بەرگرییە هەرێمییەکانیان خێراتر بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ