رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی 3ی تشرینی یەکەمی 2025 بزووتنەوەی حەماس رازیبوونی مەرجداری خۆی بە پێشنیازە 20 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیشاندا، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی کەرتی غەززە.
لە کاتێکدا بزووتنەوەکە بە هەندێک لە خاڵەکان رازی بووە، بەڵام تێبینیی لەسەر خاڵەکانی دیکە هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە چەکدانانەوە.
ئەو خاڵانەی کە حەماس پێیان رازی بووە:
یەکەم: ئازادکردنی بارمتەکان
حەماس پابەندبوونی خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان راگەیاندووە، چ ئەوانەی لە ژیاندان و چ ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش وەک بەشێک لە گۆڕینەوەی بارمتەکان بە بەندکراوانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلن. ئەمە وەک هەنگاوێکی گرنگ بەرەو نەهێشتنی جەنگ و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان سەیردەکرێ.
راگەیێندراوەکەی حەماس ئاماژە بەوە دەکات کە مەرجی گەڕاندنەوەی بارمتەکان ئەوەیە ئیسرائیل پابەندی کشانەوەی تەواوەتی بێت لە کەرتی غەززە.
دووەم: رادەستکردنی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە
بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی کەرتی غەززە رادەستی دەستەیەکی تەکنۆکراتی سەربەخۆی فەلەستینی بکات. ئامانج لەم هەنگاوە رێگەخۆشکردنە بۆ حکومەتێکی راگوزەر کە لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامییەوە پشتیوانی بکرێت.
ئەو خاڵانەی کە حەماس رەتیان دەکاتەوە یان لەسەریان بێدەنگە
یەکەم: داوای چەکدانان
داواکارییەکی سەرەکیی پێشنیازەکەی ئەمریکا، چەکدانانی حەماس و لایەنە فەلەستینییەکانی دیکەی نێو غەززەیە. لە راگەیێندراوەکەی حەماسدا ئاماژە بە بابەتی چەکدانان نەکراوە، بەڵام بەرپرسێکی بزووتنەوەکە بە میدیای فەلەستینی راگەیاندووە، تاوەکو ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە نەکشێتەوە، چەکەکانیان دانانێن.
دووەم: سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی
پلانەکەی ترەمپ پێکهێنانی حکومەتێکی راگوزەر لەخۆدەگرێ بە سەرپەرشتیی دەستەیەکی نێودەوڵەتی کە حەماس ئەوەی قبووڵ نییە. بزووتنەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر پێکهاتەیەکی بەڕێوەبردن، دەبێت لەسەر بنەمای کۆدەنگیی نیشتمانیی فەلەستینی بێت.
ئەو بوارانەی کە حەماس دەڵێت، پێویستیان بە گفتوگۆیە
حەماس ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە نیشانداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی پلانەکە. بەگوێرەی حەماس، ئەو پرسانەی پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە بریتین لە:
• کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل: مەرج و خشتەی کاتیی کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە.
• میکانیزمی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان: وردەکارییەکانی ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان.
• گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان: دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە دانیشتووانی کەرتی غەززە.
بزووتنەوەکە جەختی لە پێویستیی گفتوگۆ لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە کردووەتەوە، بۆئەوەی لەسەر مەرجە وردەکان رێکبکەون.
دوا مۆڵەت و گوشاری نێودەوڵەتی
ترەمپ تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بە کاتی واشنتن (کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەکاتی هەولێر و غەززە) مۆڵەتی بە حەماس داوە تاوەکو تەواوی رێککەوتنەکە قبووڵ بکات، هەروەها هۆشداریی داوە لە ئەگەری رەتکردنەوەی پێشنیازەکە، رووبەڕووی "ئەنجامی سەخت" دەبێتەوە.
پلانەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە پەسند کراوە و لەلایەن بەشی زۆری وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ئەورووپییەکانیشەوە پشتیوانی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ