رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی سەدر، داوا لە چوار وڵاتى دراوسێى فەلەستین دەکات کە رێگە بە لایەنگرانی بدەن هاوکاریى مرۆیی بگەیننە شارى غەززە و لەسەر سنوور مانگرتنى ملیۆنى بکەن.
رۆژی 3ى تشرینى یەکەمى 2023 موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس، پەیامێکى ئاڕاستەى حکومەتەکانى ئوردن، میسر، لوبنان و سووریا کرد.
موقتەدا سەدر داوا لە حکومەتەکانی ئەو چوار وڵاتە دەکات، رێگە بدەن بە لایەنگرانى رەوتەکەى بەشێوەیەکى ئاشتیانە و بە هاوکارییەکانیانەوە بگەنە سەر سنوورى فەلەستین. دەشڵێت، لایەنگرانى رەوتەکەى ئاو، خۆراک، دەرمان و سووتەمەنیان پێیە و دەیانەوێت بەهاوئاهەنگى لەگەڵ ئەو حکومەتانە بیگەیێننە شارى غەززە.
موقتەدا سەدر ئاماژەى بەوەشداوە کە دەخوازن لە رۆژانى داهاتوودا لایەنگرانى سەدر لەسەر سنوورى وڵاتەکانیان لەگەڵ فەلەستین، مانگرتنى ملیۆنى بکەن و هەر کەسێک لە گەلى عەرەبی و ئیسلامى و ویستیان دەتوانن بەشدار بن.
رۆژی 20ى تشرینى یەکەم موقتەدا سەدر لەپەیامێکدا داوای لە لایەنگرانی کرد بۆ پاڵپشتی لە دانیشتووانی غەززە، لەسەر سنوورى ئوردون مان بگرن، دوای پەیامەکە لایەنگرانی بەرەو سنووری ئوردن بەڕێکەوتن.
رۆژی 7ـی تشرینى یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی لە دژی ئیسرائیل دەستپێکرد. دواتر ئیسرائیل بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر کەرتی غەززە و گەمارۆ خستنە سەر کەرتەکە وەڵامی هێرشەکەی حەماسی دایەوە و تاوەکو ئێستاش شەڕ بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ