حەسەن نەسروڵڵا: موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بە بەئامانجکردنی بنکەکانی ئەمریکا بڕیارێکی بوێرانەی دا

03-11-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، ئەوان و کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ زانیارییەکی پێشوەختەیان لەبارەی هێرشەکەی رۆژی 7-10-2023ی چەکدارانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل نەبووە و ئاماژە بەوەش دەکات، گرووپەکانی ناسراو بە موقاوەمەی عێراقی بە دەستکردن بە بەئامانجکردنی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بڕیارێکی بوێرانەیان داوە. 
 
ئێوارەی رۆژی هەینی، 3ـی تشرینی دووەمی 2023، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە گوتارێکدا لەبارەی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل و پێشهاتەکانی دوای دەستپێکردنی ئەو جەنگە رایگەیاند، ئەوان و کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوەختە ئاگاداری پلانی هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس نەبوون بۆ سەر باشووری ئیسرائیل کە رۆژی 7ی مانگی رابردوو ئەنجامیاندا. 
 
حەسەن نەسروڵڵا لەبارەی ئەو هێرشەوە گوتی، "بزووتنەوەی حەماس شکۆی دوژمنی زایۆنیزمی شکاند و گۆڕانکاریی زۆری لە هاوسەنگیی هێز دروستکرد و سەلماندی کە ماڵی زایۆنیزمی داگیرکەر لە ماڵی جاڵجاڵۆکە لاوازترە و ئیسرائیلییەکانیش خۆیان دانیان بەوەدا ناوە. بۆ هەموو جیهان روون بووەوە کە قەوارەی زایۆنیزم بە تەنیا ناتوانێت هیچ شتێک بکات، ئەگەر ئەمریکا و رۆژئاوا لەپشتی نەبن، بۆیە ئەمریکا بە خێرایی هێز و کەشتیگەلی سەربازی ناردە دەریای نێوەڕاست، چونکە لەوە تێدەگات کە ئیسرائیل چەند لاوازە". 
 
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رەخنەی لە میدیای رۆژئاوایی گرت لە رووماڵکردنی ئەم جەنگەدا و گوتی، "جیهانیان فریودا بەوەی گوایە چەکدارانی حەماس منداڵی جوویان سەربڕیوە، ئەوە لە کاتێکدایە هیچ بەڵگەیەکیان بڵاونەکردووەتەوە. ئەوەی بڵاوی دەکەنەوە هەمووی درۆ و چەواشەکارییە". 
 
حەسەن نەسروڵڵا رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە زیاتر لە 25 رۆژی رابردووی بۆردوومان و هێرشەکانیدا بۆسەر کەرتی غەززە، جگە لە بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل، مزگەوت، کەنیسە، نەخۆشخانە و قوتابخانە، هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نەبووە و گوتیشی، ئەو سوپایە "چەند جارێک هێرشی زەوینی ئەنجامدا، بەڵام بینیمان چۆن هێزە کۆماندۆیەکانیان کەوتنە بۆسەکانی حەماس و هەموویان کوژران و تانک و زریپۆشەکانیشیان لەنێوبران". 
 
بەشداریی حیزبوڵڵا لە جەنگەکەدا 
 
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانیش چوونەتە نێو جەنگەکەوە و رایگەیاند، لە دووەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەوە بەشدارییان کردووە و زیانی گەورەیان بە سوپای ئیسرائیل گەیاندووە و لە بەرامبەردا 57 کەسیان لێ کوژراوە. گوتیشی، بەهۆی بەشداریکردنی حیزبوڵڵا لە جەنگەکەدا، 83 یەکەی نیشتەجێبوونی جوو لە باشووری ئیسرائیل چۆڵ بوون. 
 
حەسەن نەسروڵڵا گوتی، ئەو هەنگاوەی ئەوان یارمەتیدەرێکی گەورەی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بووە، چونکە یەکێک لە "سوودەکانی کردنەوەی بەرەی جەنگ لە لوبنان ئەوەیە، ئەو هێزانەی کە ئیسرائیل لە هێزی دەریاوانی، ئاسمانی و پیادە بەتایبەتی هێزی کۆماندۆ کە ئامادەی کردبوون بۆ هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە، نزیکەی نیوەیان نێردرانە بەرەی لوبنان و بەمەش توانیمان گوشارەکان بۆ سەر موقاوەمەی ئیسلامی لە غەززە کەمبکەینەوە". 
 
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی ئیسرائیل چەندینجار هەڕەشەیان لە حیزبوڵڵا کردووە و هۆشداریشیان داوەتە بەرپرسانی لوبنان لە ئەگەری بەشداربوونی ئەو گرووپە چەکدارییە لەم جەنگەدا. حەسەن نەسروڵڵا گوتی، "ئیسرائیلییەکان هەڕەشەمان لێدەکەن و دەڵێن، لوبنان بۆ چاخی بەردین دەگەڕێنینەوە. منیش پێیان دەڵێم ئەگەر شەڕ دژی لوبنان رابگەیێنن، گەورەترین گەمژەیی دەکەن و باجی زۆر قورس دەدەن". 
 
یەکێک لەو نیگەرانیانەی ئێستا هەیە ئەوەیە، جەنگی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل گەورە بێت و ناوچەکە بگرێتەوە. حەسەن نەسروڵڵا گوتی، "ئەگەر ئەمریکا و رۆژئاوا مەبەستیانە شەڕەکە بۆ جەنگی هەرێمی پەرەنەسەنێت، پێویستە هێرشە دووژمنکارانەکەی قەوارەی زایۆنیزمی رابگرن و واز لە هەڕەشەکردن لە موقاوەمەی ئیسلامی بێنن". 
 
"موقاوەمەی عێراقی بڕیارێکی بوێرانەی دا"
 
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی سوپاسی ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراقی کرد کە خۆیان وەک "موقاوەمە" دەناسێنن و لە سێ هەفتەی رابردوودا بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ئەنجامدانی چەندین هێرش بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا راگەیاندووە. 
 
حەسەن نەسروڵڵا لەوبارەوە گوتی، "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بڕیارێکی بوێرانەی دا بۆ بەئامانجکردنی بنکەکانی ئەمریکا؛ بەڕاستی بڕیارێکی ژیر و بوێرانەیە. ئێمەش پاڵپشتییان دەکەین؛ هەروەها پێشبینی دەکەین موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە رۆژانی داهاتوودا چەندین هەنگاوی دیکە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بنێن". 
 
رۆژی 31-10-2023 پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن گوتی، لە ماوەی 3 هەفتەی رابردوودا 27 جار هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا؛ ئاماژەی بەوە کرد کە 16یان لە عێراق بوون و 11ەکەی دیکەیان لە سووریا. 
 
حەسەن نەسروڵڵا لەبارەی حوسییەکانی یەمەنیش قسەی کرد و گوت، ئەوانیش لە رێگەی ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک و درۆنەوە بۆسەر ئامانجەکانی ئیسرائیل بەشداریان لەم جەنگەدا کردووە و رایگەیاند، "هەرچەندە سەرجەم درۆن و مووشەکەکانیان خرانەخوارەوە، بەڵام ئەوان هەر بەردەوامن و لە داهاتوودا هێرشەکانیان چڕتر دەکەنەوە و گورزی بەهێز دەوەشێنن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە