رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی غەززە دەڵێت، کاروانێکی ئامبوڵانس کە چەند بریندارێکیان دەگواستەوە، لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج و بەو هۆیەوە 13 کەس گیانیان لەدەستدا. بەرگریی ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەو ئامبوڵانسانە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بۆ چالاکیی خۆیان بەکاردەهێنران و بۆیە کراونەتە ئامانج.
رۆژی هەینی، 3-11-2023، ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، "چەند ئامبوڵانسێک کە ژمارەیەک برینداریان لە نەخۆشخانەی شیفاوە دەگواستەوە سنووری رەفەح بۆ ئەوەی بپەڕنەوە میسر، لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج و قوربانی لێکەوتەوە."
گوتەبێژەکە لەبەردەم نەخۆشخانەی شیفاوە بە میدیاکانی راگەیاند، "ئامبوڵانسەکان 15 بۆ 20 هاووڵاتییان هەڵگرتبوو کە برینیان زۆر سەخت بوو؛ لەو هێرشەدا لانیکەم 13 کەس گیانیان لەدەستدا. ئەمە کۆمەڵکوژییەکی دیکەیە". تەندروستی غەززە هەروەها رایگەیاند، "دەروازەی سەرەکیی نەخۆشخانەی شیفاش لە غەززە بۆردوومانکرا."
هاوکات محەممەد ئەبو میسباح، گوتەبێژی مانگی سووری فەلەستینی رایگەیاند، دەروازەی نەخۆشخانەکە پڕبوو لە خەڵکی سڤیل، کاتێک بۆردوومانکرا.
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلیش لەو بارەوە بڵاویکردەوە، "هێزەکانمان ئامبوڵانسێکیان دەستنیشانکرد کە لەلایەن تیرۆریستانی حەماسەوە بۆ چالاکییەکانی خۆیان بەکاریان دەهێنا."
لە درێژەی راگەیێندراوەکە هاتووە، لەو هێرشەدا چەند چەکدارێکی حەماسیان کوشتووە.
ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس دوای هێرشەکە گوتی، "بەرخودان بەردەوام دەبێت" و داوایشی لە دەسەڵاتدارانی میسر کرد کە دەروازەی سنووریی رەفەح بە تەواوی بکەنەوە.
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس "شۆکبوون"ی خۆی بەرامبەر ئەو هێرشە راگەیاند و گوتی، دەبێت نەخۆشەکان، کارمەندانی تەندروستی، بنکە تەندروستییەکان و ئامبوڵانسەکان هەمیشە پارێزراوبن.
تەندروستی کەرتەکە رایگەیاند، 270 هێرش کراونەتە سەر کەرتی تەندروستیی غەززە، بەو هۆیەوە 130 کارمەندی تەندروستی کوژراون و 28 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیش تێکشکێندراون؛ هاوکات لە کۆی 35 نەخۆشخانەی کەرتی غەززە، 16 نەخۆشخانەیان کارناکەن و لەکۆی 72 کلینیکی چاودێری سەرەتایی تەندروستیش 51 کلینیکیان داخراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ