ترەمپ: مەرجی سعودییە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین نییە

03-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکاتەوە، محەممەد بن سەلمان جیددی نییە لەوەی بە ئاشکرا مەرجی دروستکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەبەستێتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی، لەبارەی ئەو لێدوانەی ئەمدواییەی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، کە رایگەیاندبوو، "بەبێ چارەسەری دوو دەوڵەتی بەشداریی رێککەوتنی ئابراهام ناکات،" دەڵێت، "پێموانییە ئەو راست بێت و لەو بڕوایەدام دەچێتە پاڵ رێککەوتنی ئابراهام."
 
دوایین جار، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، محەممەد بن سلمان جیددیی نییە لەو داواکاریەی بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین. وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە کاژێر 04:00ی بەرەبەیانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و قسەکانی سەرۆکی ئەمریکای بەدرۆ خستەوە.
 
هەروەها ترەمپ لەبارەی ئەو پرسەوە گوتیشی، "ئێمە چارەسەرێک دەدۆزینەوە. نازانم دوو دەوڵەت دەبێت یان نا، ئەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل، خەڵکانی دیکە و من."
 
لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، هەڕەشەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رێگرە لە بەشداریکردنی وڵاتان لە رێککەوتنی ئابراهام، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان ئێستا دەتوانن ئەو رێککەوتنە فراوانتر بکەن.
 
ترەمپ دەڵێت، "ئێمە ئێرانمان وێران کرد و دواتریش کاتی راگرتنی جەنگەکە هات و رامانگرت."
 
"ئاگربەستی غەززە ناسک نییە"
 
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ باسی لەوە کرد، ئاگربەستەکەی کەرتی غەززە کە لە 10ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە چووە واری جێبەجێکردنەوە، "بە هیچ شێوەیەک ناسک نییە" و دووپاتیشی دەکاتەوە، ئەگەر حەماس چەک دانەنێت، لەنێودەبرێت.
 
لەوبارەیەوە، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "ئاگربەست ناسک نییە، بەڵکو زۆر بەهێزە."
 
سەبارەت بە رەتکردنەوەی داواکەیان لەلایەن حەماسەوە بۆ چەکداماڵین، ترەمپ هەڕەشەی کرد و گوتی، "دەتوانین دەستبەجێ حەماس لەنێوببەین، ئەگەر زوو خۆی یەکلانەکاتەوە."
 
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە چۆن دەتوانێت حەماس چەکدابنێت، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ئەگەر بمەوێت چەکیان پێدادەنێم و زۆر بە خێراییش، چونکە لەنێودەبرێن."
 
لە کاتێکدا پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپ پێشنیازی چەکداماڵینی حەماسی کردووە، بەڵام لە بەشی سەرەکیی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، تەنیا جەخت لەسەر کشانەوەی سەرەتایی سوپای ئیسرائیل، ئازادکردنی بارمتەکان و دابینکردنی هاوکاریی مرۆیی دەکاتەوە.
 
"گوشارەکانی سەر نەتەنیاهوو"
 
لە درێژەی هەڤپەیڤینەکەی سەرۆکی ئەمریکا دا، ئەو شانازی بەوە دەکات گوشاری خستووەتە سەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ گەیشتنە ئاگربەست لە غەززە.
 
سەبارەت بەو گوشارانەی خستیەسەر نەتەنیاهوو، بۆئەوەی داوای لێبووردن لە قەتەر بکات و بە ئاگربەستی غەززە رازیی بکات، ترەمپ گوتی، "دەبووایە کەمێک گوشاری بخەمەسەر. کارێکی زۆر باشم کرد لەو گوشارانە. نەتەنیاهوو کەسێکی زۆر بەهرەمەندە، کە پێشتر بەو شێوەیە گوشاری نەخراوەتەسەر. حەزم لە هەندێک شت نەبوو کە ئەو کردی و بینیتان چی بڕیارێکیشم لەو بارەیەوە دا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە