دوایین پێشهاتەکانی شەڕی غەززە؛ 'نەخۆشەکان لەسەر زەوی چارەسەر دەکرێن'

03-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا 160 کەس لە دوو هێرشدا لە غەززە کوژراون. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، 5 ئەندامی حەماس لە هێرشێکی درۆنییدا کوژران. وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا باس لەوە دەکات، چەند فرۆکەیەکی چاودێریی ناردووەتە ئاسمانی غەززە بۆ ئەوەی بە دوای بارمتەکاندا بگەڕێن.
 
رۆژی یەکشەممە، 3-12-2023، سێ رۆژ بەسەر کۆتاییهاتنی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل تێدەپەڕێت و غەززە پێ دەنێتە نێو 58ـەمین رۆژی شەڕەوە و لە 24 کاژێریشدا چەندین رووداو لەو ناوچەیە روویاندا. 
 
کوژرانی 160 کەس لە دوو هێرشدا
 
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی ناسراو بە ئۆچا (OCHA) لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت، لە دوو هێرشی جیادا لە باکووری غەززە لانیکەم 160 کەس کوژران. 
 
بە گوێرەی ئۆچا، هێرشێکیان بۆ سەر باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی لە کامپی پەنابەرانی جەبالیا بوو و هێرشی دووەمیش لە گەڕەکی شجاعییە لە شاری غەززە بوو.
 
ئۆچا نووسیویەتی، "پێش دوو هێرشەکە، هێزەکانی ئیسرائیل نامیلکەیان لە ئاسمانەوە فڕێ داوەتە خوارەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵکی تاوەکو ناوچەکە جێبهێڵن."
 
کوژرانی چەکدارانی حەماس
 
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی درۆنییدا 5 چەکداری حەماسیان کوشتووە.
 
سوپای ئیسرائیل هەروەها دەڵێت، فڕۆکە جەنگی و هێلیکۆپتەرەکانیان چەندین تونێل، ناوەندی فەرماندەیی و کۆگەی چەکیان لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج.
 
هاوکات چەکدارانی کەرتی غەززەش ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و سیستمی دژە مووشەکی ئیسرائیل ژمارەیەکیانی خستەخوارەوە. 
 
هاووڵاتیی زیاتر ئاوارە بوون
 
ئۆچا لەبارەی ژمارەی ئاوارەکانی کەرتی غەززە دەڵێت، 1.8 ملیۆن کەس ئاوارەبوون و ئەوەش دەکاتە 80٪ـی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی فەلەستین.
 
نزیکەی 1.1 ملیۆن ئاوارە لە 156 شێڵتەری ژێر چاودێریی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەمێننەوە و زۆربەیان کە ٪86ـە لە باشووری کەرتەکەن؛ 191 هەزار کەس لەو ژمارەیە لە 124 قوتابخانە و نەخۆشخانە دەمێننەوە.
 
بەهۆی پیسی نێو پەناگەکان، سکچوون و هەوکردنی پێست و چەندین نەخۆشی دیکە لەنێو ئاوارەکان بڵاوبووەتەوە، ئەوە بە گوێرەی ئۆچا.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی هەوکردنی جگەریشی داوە.
 
352 ملیۆن دۆلار هاوکاری
 
ئۆچا دەڵێت، تائێستا 352.6 ملیۆن دۆلار هاوکاری رادەستی ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە. ئەڵمانیا 110 ملیۆن دۆلاری بەخشیوە کە زۆرترینە. لە دوای ئەویش فەرەنسا دێت کە 40 ملیۆنی بەخشیوە.
 
بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئۆچا، ئەو پارەیە بۆ یارمەتیدانی 2.2 ملیۆن کەسی غەززە و 500 هەزار کەسی کەرتی رۆژئاوایە. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، غەززە و کەرتی رۆژئاوا 1.2 ملیار دۆلاریان تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ پێویستە.
 
"دۆخێکی زۆر خراپ"
 
تیمێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO سەردانی نەخۆشخانەی نەسر لە باشووری غەززەیان کردووە و دەڵێن، نەخۆشخانەکە 1000 نەخۆشی تێدایە، ئەوەش سێ هێندەی توانای نەخۆشخانەیەکە.
 
تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "نەخۆشەکان لەسەر زەوی چارەسەر دەکرێن؛ لەبەر ئازاری زۆر هاوار دەکەن."
 
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەروەها گوتی، "دۆخەکە زۆر خراپە؛ ناتوانم وشەیەک بەهێز بدۆزمەوە بۆ ئەوەی نیگەرانیی خۆمان پێی دەربڕم لە بەرامبەر ئەو شتەی کە دەیبینین."
 
فڕۆکەی چاودێریی بەریتانی
 
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، سوپای بەریتانیا لە ئاسمانەوە بە فڕۆکە چاودێریی غەززە دەکات، ئەوەش بە مەبەستی دۆزینەوەی بارمتەکان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، فڕۆکەکان هیچ رۆڵێکی جەنگی نابینن و کاریان تەنیا دۆزینەوەی بارمتەکانی نێو غەززەیە.
 
لەماوەی 7 رۆژی ئاگربەستدا ئیسرائیل 240 فەلەستینی ئازادکرد و حەماسیش 80 هاووڵاتیی ئیسرائیلی و 25 هاووڵاتیی بیانی (کە زۆربەیان تایلاندی بوون) ئازادکرد. ئیسرائیل دەڵێت 137 بارمتە لە غەززە ماون و بەرپرسانی فەلەستینیش دەڵێن، هەزاران بەندکراو لە زیندانەکاندان.
 
چی روویدا؟
 
رۆژی 7-10-2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر چەند کۆمەڵگەیەکی جوونشین و ڤیستیڤاڵێکی میوزیکی.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەو هێرشەدا هەزار و 200 کەس کە زۆربەیان سڤیل بوون کوژران و 240 کەسیش بە بارمتە گیران، جگە لە برینداربوونی سەدانی دیکە. 
 
تەنیا چەند کاژێرێک دوای هێرشەکە، ئیسرائیل بەڵێنی لەنێوبردنی حەماسی دا و دەستی بە هێرش و بۆردوومانەکان کرد. بە گوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لانیکەم 15 هەزار و 503 فەلەستینی کوژراون و 40 هەزار و 652ـی دیکەش برینداربوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە