لە گۆڕستانەکان جێگە نەماوە؛ کۆڵانەکانی جەبالیای غەززە بوونەتە شوێنی گۆڕی بەکۆمەڵ

05-01-2024
تەنیا ئەحمەد
گۆڕی بەکۆمەڵ لە کۆڵانەکانی جەبالیا
گۆڕی بەکۆمەڵ لە کۆڵانەکانی جەبالیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بۆردوومانەکان لەگەڵ ئەوەی ترسیان لای دانیشتووانی غەززە دروستکردووە، ئارامگەی بۆ مردووانیش نەهێشتووەتەوە، رێژەی گیانلەدەستدان هێندە زۆرە لە گۆڕستانەکان شوێن نەماوە، لەنێو کۆڵان و شوێنە گشتییەکانی جەبالیا گۆڕی بەکۆمەڵ دروست دەکرێت و بەشێوەیەکی کاتی تەرمەکان بە خاک دەسپێردرێن. 
 
میدیای غەززە دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 120 گۆڕی بەکۆمەڵ لە غەززە هەن. چەند رۆژێکە بۆردوومانی کامپی جەبالیا نەوەستاوە، دوای بۆردوومانەکان خەڵک بەدوای تەرمی ئازیزانیان دەگەڕێن و بریندارەکان دەگەیێننە نەخۆشخانە
 
ئاوارەیەکی کامپی جەبالیا دەڵێت، "رۆژی یەکەم وێستگەی ئاو لە جەبالیا کرایەوە و دواتر بۆردوومانکرا و چەندین شەهیدی لێ کەوتەوە."
 
زبڵ و خاشاکی نێو کامپەکە بووەتە مەترسییەکی جدی لەسەر دانیشتووانەکەی و چەندین نەخۆشی بەهۆیەوە بڵاوبوونەتەوە. 
 
د. سەعید سەڵاح، پزیشکی منداڵان و تازە لەدایکبووانە لەو کەرتە دەڵێت، "ئەمڕۆ 86 رۆژە شەڕ بەردەوامە، بەهۆی ئەو هەموو خەڵکە، چەند نەخۆشییەک بڵاوبوونەتەوە، وەک نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس لە منداڵان و گەوران. هەروەها نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، نەخۆشییەکانی پێست و چەند نەخۆشییەکی دیکە."
 
بە گوێرەی سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەماوەی دوو مانگدا 180 هەزار کەس تووشی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان بوون، 136 هەزار و 400 کەس تووشی سکچوون بوون، 55 هەزار و 400 کەس ئەسپێ و کێچ کەوتووتە سەر و جەستەیان.
 
هەروەها پێنج هەزار و 330 کەس تووشی مێکوتە بوون، 42 هەزار و 700 کەس تووشی خورانی پێست بوون، چوار هەزار و 683 کەس تووشی زەردوویی بوون و 126 کەس تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە