رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ئیدارەی بایدنیش سزای خستووەتە سەر چوار پیاوی ئیسرائیلی کە دانیشتووی کەرتی رۆژئاوان، وێنە: ئەرشیڤی AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی کەنەدا دەڵێت، "بەهۆی تووندوتیژی لەدژی فەلەستینییەکانی کەرتی رۆژئاوا، سزا دەخرێتە سەر بەشێک لە جووە نیشتەجێکراوەکانی ئەو ناوچەیەی فەلەستین."
رۆژی یەکشەممە، 4-2-2024، مێلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "کەنەدا سزا دەخاتە سەر بەشێک لەو جووە نیشتەجێکراوانەی کە تووندڕۆن و تووندوتیژی لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین دەکەن."
وەزیرە کەنەدییەکە گوتیشی، "سزای نوێ دەخەینە سەر چەند سەرکردەیەکی حەماسیش."
رۆژی 1-2-2024، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆمەتی نانەوەی پشێوی و بەشداریکردن لە تووندوتیژی لەو کەرتە، سزای خستەسەر چوار پیاوی ئیسرائیلی کە دانیشتووی کەرتی رۆژئاوان.
سزاکان بریتیی دەبن لە سزای درایی و پێنەدانی ڤیزە بەوانەی هەڕەشە لە فەلەستینییەکان دەکەن، یان ماڵ و موڵکیان داگیر دەکەن و برینداریان دەکەن یان دەیانکوژن. هەروەها، ئەو کەسانە هەر پارە یان موڵکێکیان لە ئەمریکا هەبێت، لەلایەن حکومەتەوە سڕدەکرێت و ناهێڵن هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ هیچ ئەمریکییەکدا بکەن.
لەبارەی ئەو بڕیارەی کۆشکی سپی، جەیک سوڵیڤان گوتی، "هەنگاوەکەی ئەمڕۆ [سزادانەکە] دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ئاشتی و ئارامی بۆ ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان."
کۆشکی سپی ناوی کەسە سزادراوەکانی بەمشێوەیە بڵاوکردووەتەوە:
- دەیڤید چای چاسدای، بەشداربووە لە ئاگرتێبەردانی باڵەخانە و ئۆتۆمبێل و زیانگەیاندن بە چەند خانوویەک و کوشتنی سڤیلێکی فەلەستینی.
- عینان تانجیل، بە بەرد و کوتەک هێرشی کردووەتە سەر چەند جووتیارێکی فەلەستینی و چالاکڤانێکی ئیسرائیلی و برینداری کردوون.
- شاڵۆم زیچەرمان، هێرشی کردووەتە سەر چەند چالاکڤانێکی ئیسرائیلی و ئۆتۆمبێلەکانیان و رێگەی لێگرتوون، ویستوویەتی جامی ئۆتۆمبێلەکان بشکێنێت و برینداری کردوون.
- ینۆن لەڤی، رابەرایەتیی گرووپێکی کردووە بۆ هێرشکردنە سەر چەند سڤیلێکی فەلەستینی و کۆچەری و زەوییەکانی سووتاندوون.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "دەبێت ئیسرائیل کاری زیاتر بکات بۆ راگرتنی تووندوتیژی لە دژی سڤیلەکانی کەرتی رۆژئاوا و تۆمەتبارەکان رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکاتەوە."
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی ناسراو بە ئۆچا دەڵێت، "نەتەوە یەکگرتووەکان لە 7-10-2023 تاوەکو 2-2-2024 لانیکەم 495 هێرشی جووە نیشتەجێکراوەکانی تۆمارکردووە."
ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "لەو هێرشانەدا 49 رووداوی کوشتن و بریندارکردن و 389 رووداوی زیانگەیاندن بە موڵکی فەلەستینییەکان هەبووە."
لە ساڵی 1967 دوای شەڕی ئیسرائیل و عەرەب، ئیسرائیل دەستی بەسەر کەرتی رۆژئاوادا گرتووە و چەندین کۆمەڵگەی بۆ جووەکان دروستکردووە و چەند وڵاتێکیش بە پشتبەستن بە مادەی 49 لە پەیماننامەی چوارەمی جنێڤ، بە نایاسایی دەزانن.
مادەی 49 لە پەیماننامەی چوارەمی جنێڤ دەڵێت، "کاتێک هێزێک ناوچەیەک داگیر دەکات، نابێت خەڵکی خۆی بهێنێتە ئەو ناوچەیە و لێی بژین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ