رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دوای ئەوەی سەردانی سعودیەی کرد، ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ چەند دیدارێکی فەرمی گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، هاوتا میسرییەکەی پێشوازیی لێکرا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان و شاندە باڵاکەی حکومەتی تورکیا، لە کۆشکی ئیتیحادیە لەلایەن عەبدولفەتاح سیسییەوە پێشوازیی لێکرا. دوای ئەوەی هەردوو سەرۆک لە شوێنی رێوڕەسمەکە وەستان، سروودی نیشتمانیی تورکیا و میسر لێدران.
دواتر هەردوو سەرۆککۆمار بە ئامادەبوونی شاندی هەردوولا کۆبوونەوە. بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە چەند رێککەوتنێک واژۆ بکرێن و هەردوو سەرۆک کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش ساز بکەن.
بە وێنە؛ پێشوازیی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە قاهیرە. pic.twitter.com/UJ8DBNcQbJ
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 4, 2026
لەو سەردانەیدا هەریەک لە ئەمینە ئەردۆغانی هاوسەری؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا؛ محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی؛ ماهینوور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی؛ ئاڵپارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان؛ محەممەد فاتیح کاجر، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیا؛ عوسمان ئاشکن باک، وەزیری وەرزش و لاوان؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی؛ کەمال مەیمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستی؛ بورهانەددین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و ئاکیف چاغاتای کڵچ، گەورەڕاوێژکاری سەرکۆمار بۆ سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش و چەند بەرپرسێکی دیکە یاوەری ئەردۆغان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ