رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە کۆبوونەوەیەکی داخراویان لەسەر غەززە کرد، ئەمەش پێش لووتکەی کۆمکاری عەرەبی بۆ دانانی پێشنیازێک لەدژی پلانەکەی ترەمپ بۆ کۆنترۆڵکردنی غەززە.
رۆژی دووشەممە (03-03-2025) سەرچاوەیەکی کۆمکاری عەرەبی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، وەزیرەکان "کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری و راوێژکاری"ـیان لەسەر پلانی وڵاتە عەرەبییەکان، بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی غەززەی دوای جەنگ کرد.
کۆبوونەوەکە داخراو بوو و رێگە بە میدیا نەدرا رووماڵی بکات، ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، ئەو پلانەی گەنگەشە کراوە لە لووتکەی رۆژی سێشەممە 04-03-2025 دەخرێتەڕوو.
پێش کۆبوونەوەکە، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لەگەڵ چەند هاوتایەکی دیکەی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە لەوانەش؛ ئوردن، بەحرێن، عێراق، یەمەن و فەلەستین.
وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، بەدر عەبدولعاتی لە کۆبوونەوەکاندا داوایکرد، "پەرە بە پڕۆژەی بووژانەوەی غەززە بدرێت، بەبێ ئەوەی فەلەستینییەکان ئاوارە بکرێنەوە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی ئاگرین دا گوتی، پلانی ئەمریکا ئەوەیە؛ دەست بەسەر غەززەدا بگرێت و ئاوەدانی بکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدا فەلەستینییەکانی نێو غەززە بۆ ئوردن و میسر رابگوازرێن.
پلانەکەی ترەمپ ناڕەزایی زۆری ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی لێکەوتەوە. مانگی پێشوو، سعودیە لووتکەیەکی راوێژکاری بەڕێوەبرد و باسیان لە "هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزی فەلەستین" کرد.
رۆژی 02-03-2025 وەزیری دەرەوەی میسر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، پلانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە ئامادەیە و لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە دەخرێتەڕوو.
لەدوای لێدوانەکەیەوە، ترەمپ هیچ پێداگیرییەکی دیکەی لەسەر ئەو خواستە نەکردووە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی "پێموایە ئەو پلانە سەردەگرێت، بەڵام گوشار ناکەم. من، تەنیا لە شوێنی خۆمەوە پێشنیازی دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ