سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: وەڵامی حووسییەکان دەدەینەوە

04-05-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی حووسییەکانی یەمەن بە مووشەک هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهوو بەڵێن دەدات وەڵام بداتەوە و وەڵامەکەش "بە چەند قۆناخێک" دەبێت. وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش دەڵێت: "هەر کەسێک لێمان بدات، حەوت هێندە بەهێزتر لێی دەدەینەوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 05-04-2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی حووسییەکانی یەمەن گوتی: "ئێمە پێشتر هەنگاومان دژی ئەوان ناوە و لە داهاتووش هەر بەردەوام دەبین، بەڵام ناتوانم وردەکاریی زیاتر بخەمەڕوو."
 
چەند کاژێرێک پێش ئەو لێدوانەی نەتەنیاهوو، فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن لە شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کرایەسەر. دوای هێرشەکە، کابینەی جەنگیی ئیسرائیل کۆبووەوە. 
 
نەتەنیاهوو لە پەیامەکەی بەڵێنی دا "وەڵام"ـی حووسییەکان بدەنەوە و گوتیشی، وەڵامەکە "بە چەند قۆناخێک دەبێت."
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، هێرشە مووشەکییەکە کاژێر 9:30ـی خولەکی بەیانی بە کاتی هەولێر کراوە و رایگەیاند: "مووشەکەکە لە یەمەنەوە هاوێژراوە. هەوڵی زۆر درا بۆ بەرپەرچدانەوەی، بەڵام لە فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن کەوتە خوارەوە."
 
حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند: "هێزی مووشەکیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و فڕۆکەخانەی بنگۆریۆنیان کردە ئامانج."
 
بەگوێرە حووسییەکان، لە هێرشەکەدا "فڕۆکەی بالیستیی دەنگبڕ (سوپەرسۆنیک)" بەکارهاتووە. 
 
مووشەکەکە تێرمیناڵی ژمارە 3ـی فڕۆکەخانەکەی کردە ئامانج کە گەورەترین تێرمیناڵە. چاڵێکی گەورە لە تێرمیناڵەکە دروستبوو کە چەند سەد مەترێک لە فڕگەی فڕۆکەکانەوە دووربوو.
 
یائیر هێزرۆنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوەندیی ئیسرائیل رایگەیاند: "چاڵەکە چەندین مەتر قووڵە."
 
کارگێڕیی فڕۆکەخانەکە رایگەیاند، ئەمە "یەکەمجارە" مووشەکێک هێندە نزیک شوێنێکی فڕۆکەخانەکە بکاتە ئامانج. 
 
تەندروستیی ئیسرائیل رایگەیاند: "لانیکەم شەش کەس بەهۆی برینی سووک و مامناوەندییەوە چارەسەریان وەرگرتووە."
 
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "هەر کەسێک لێمان بدات، حەوت هێندە بەهێزتر لێی دەدەینەوە."
 
دوای ئەو هێرشە، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (بریتیش ئێیەروەیز)ـی بەریتانی رایگەیاند، تاوەکو 7ـی ئەم مانگە، هەموو گەشتێکی فڕۆکەوانی بۆ ئەو شارەی ئیسرائیل رادەگرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە