رووداو دیجیتاڵ
دەستەى حەج و عومرەى عێراق هۆشداری دەداتە حەجکاران لە پۆشینی جلوبەرگ یان بەرزکردنەوەى ئەو وێنە و ئاڵا و سیمبولانەى ئاماژەى سیاسی و مەزهەبییان تێدایە و ناشبێت بیروباوەڕى سیاسی بڵاوبکەنەوە یان بانگەشە بۆ بزووتنەوەى دژبەر یان لایەنگری بکەن.
یەکشەممە، 4ى ئایارى 2025، دەستەى حەج و عومرەى عێراق لە راگەیێنراوێکدا هۆشداری دایە حەجکاران لە ئەنجامدانى چەند هەڵسوکەوتێک لەکاتى بەجێهێنانى فەریزەى حەجى ئەم ساڵ.
ئەو دەستەیە داواى لە حەجکاران کردووە لە گوتنەوە و بەرزکردنەوەى دروشمى سیاسى و مەزهەبی دووربکەونەوە و خۆیان لە پۆشینی جلوبەرگ یان بەرزکردنەوەى ئەو وێنە و ئاڵا و سیمبولانە لابدەن، کە ئاماژەى سیاسی و مەزهەبییان تێدایە.
یەکێکى دیکە لەو هەڵسوکەوتانەى هۆشداریى لەبارەیانەوە دراوە، وێنەگرتنى کەسایەتییە ئایینى و سیاسییەکان لە هەردوو مزگەوتى حەرام لە مەککە و نەبەوى لە مەدینەى سعودیە قەدەخەیە.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژى وەزارەتى ئەوقافى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو رێنماییانە لەسەر بنەماى رێنمایى ساڵانەى سعودیەیە و بۆ رێگرییە لە دروستبوونى گرژی."
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، پێشتر حەجکارانى هەرێمى کوردستان ئاڵا و دروشمیان لەگەڵ خۆیان بردووە و هیچ رێوشوێنێک لە دژیان نەگیراوەتەبەر، ئەم ساڵیش بەهەمان شێوە چارۆکەى تایبەت بەو ژنانە ئامادە کراوە کە دەچنە حەج کە ئاڵاى کوردستانى لەسەرە."
دەستەى حەج وعومرەى عێراق هۆشداریداوە لە بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە رێگە پێنەدراون و ناشبێت وەرزى حەج بقۆزرێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەى بیروباوەڕى سیایسی یان هاندان و بانگەشەکردن بۆ بزووتنەوەى دژبەر یان لایەنگری.
شێخ دلێر بەرزنجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری حەج و عومرەی کەرکووک بە رووداوی گوت: "لە ساڵانى رابردوودا لە سعودیە رێوشوێن بەرامبەر بە کەسانێک گیراوەتەبەر کە ئەو رێنماییانەیان جێبەجێنەکردووە و دروشم یان وێنەیان بەرز کردووەتەوە و دەستگیرکراون، بۆیە ئەو هۆشدارییەى دەستەى حەج و عومرە بۆ رێگرییە لەو رێوشوێنە".
شێخ دلێر بەرزنجی رایگەیاند، ساڵانی پێشوو حەجکارە سەرپێچیکارەکان لە نێوان پێنج بۆ 15 رۆژ لە سعودیە بەندکراون.
ئەم ساڵ نزیکەى 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانى عێراق حەج دەکەن و لە هەرێمى کوردستانیش پێنج هەزار و 120 کەس دەچنە حەج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ