بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونە هۆی کوژرانی 16 کەس

04-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە فەلەستینییەکە بوونە هۆی کوژرانی 16 کەس، لانیکەم سێ منداڵیان تێدایە.
 
مەحموود بەسال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە گوتی، شەش کەس لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردوو لە شاری خان یوونس لە باشووری کەرتی غەززە کوژران؛ لەنێو کوژراوەکاندا دوو منداڵی تەمەن پێنج و دوو ساڵان هەبوون کە لە ماڵەکەیاندا کوژران.
 
بەرگریی شارستانیی غەززە دواتر رایگەیاند، 10 کەسی دیکە لە هێرشێکدا بۆ سەر کەمپێک لە ناوچەی مەواسی کوژران، کە یەکێکیان منداڵ و حەوتی دیکەیان ژن بوون. 
 
سوپای ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 100 شوێنی لە سەرانسەری کەرتی غەززە بۆردوومان کردووە. 
 
سوپای ئیسرائیل گوتی، سەربازەکانی "کۆگای چەک"یان دۆزیوەتەوە و ژمارەیەک "تیرۆریست"یان لە باشووری کەرتی غەززە کوشتووە.
 
ئیسرائیل لە 18ی ئادار تاکلایەنانە ئاگربەستی شکاند و هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردەوە، دوای ئەوەی دوو مانگ بوو ئاگربەست راگەیێندرابوو. 
 
وەزارەتی تەندروستیی لە کەرتی غەززەی ژێر دەسەڵاتی حەماس رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لانیکەم دوو هەزار و 436 کەس لەو کاتەوە کوژراون، بەمەش کۆی گشتیی کوژراوانی جەنگەکە بۆ 52 هەزار و 535 کەس بەرزبووەتەوە.
 
ئیسرائیل رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ یارمەتییەکی مرۆیی بۆ نێو کەرتی غەززە نادات و دەڵێت، مەبەست لە گەمارۆکە ئەوەیە گوشار بخاتە سەر حەماس تاوەکو بارمتەکان ئازادبکات. 
 
ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە ئیسرائیل کردووە گەمارۆکە هەڵبگرێت و دەڵێن، دانیشتووانی غەززە رووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی بوونەتەوە، هۆشداریش دەدەن لە قاتوقڕی و برسێتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.