رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکان بە مووشەک فڕۆکەخانەیەکی ئیسرائیلیان کردە ئامانج. نەتەنیاهوو دەڵێت، وەڵامی حووسییەکان و ئێرانیش دەدەنەوە کە "سەرچاوەی تیرۆرن."
رۆژی یەکشەممە، 04-05-2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێکس نووسی: "هێرشی حووسییەکان لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئیسرائیل لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆی، وەڵامی حووسییەکان دەداتەوە."
ئەم لێدوانەی نەتەنیاهوو دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ بەیانی حووسییەکانی یەمەن بە مووشەکێکی "بالیستیی دەنگبڕ" فڕۆکەخانەی بنگۆریۆنیان لە شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیل کردە ئامانج.
نەتەنیاهوو لە ئێکس پۆستێکی پێشتووتری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای داناوەتەوەم کە ترەمپ تێیدا نووسیویەتی هێرشی حووسییەکان لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت. نەتەنیاهوو نووسی: "سەرۆک ترەمپ راست دەکات."
نەتەنیاهوو هەڕەشەی لە ئێرانیش کرد و گوتی: "لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆمان، وەڵامی ئێرانیش دەدەینەوە، کە سەرچاوەی تیرۆرە."
حووسییەکان دوای هێرشەکە، بەرپرسیارێتییان گرتە ئەستۆ. تەندروستیی ئیسرائیل رایگەیاند، لە رووداوەکەدا شەش کەس بە برینی سووک و مامناوەند برینداربوون و چارەسەریان وەرگرتووە.
پێش ئەو پۆستە، نەتەنیاهوو لە پەیامێکی ڤیدیۆیی رایگەیاند: "ئێمە پێشتر هەنگاومان دژی ئەوان ناوە و لە داهاتووشدا هەر بەردەوام دەبین."
نەتەنیاهوو لە پەیامەکەیدا بەڵێنیدا "وەڵام"ـی حووسییەکان بدەنەوە و گوتیشی، وەڵامەکە "بە چەند قۆناخێک دەبێت."
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، ئێران و ئیسرائیل سێ جار راستەوخۆ لە یەکدییان داوە.
شەوی 13-04-2024 ئێران ئۆپەراسیۆنی (پەیمانی راستگۆ)ـی دەستپێکرد و بە 300 مووشەک و درۆن هێرشیکردە ئیسرائیل. ئێران رایگەیاند، ئەم هێرشە لە وەڵامی هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر باڵیۆزخانەیەکی لە دیمەشق. سیستمی بەرگریی گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆربەی مووشەک و درۆنەکانی دایەوە و چەند زیانێکی مادی کەوتەوە.
دواتر لە 01-10-2024 ئێران ئۆپەراسیۆنی (پەیمانی راستگۆ 2)ـی کرد و نزیکەی 200 مووشەکی بالیستیی بە ئاراستەی پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە بیابانی نەقەب، بنکەی ئاسمانیی تەل نۆف و بارەگای مۆساد تەقاند. هاووڵاتییەکی فەلەستینی و یەکی ئیسرائیلی لە هێرشەکەدا کوژران.
رۆژی 26-10-2024 ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی (رۆژی تۆبەکردن)ـی دەستپێکرد. نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل پێگە سەربازییەکانی ئێرانیان کردە ئامانج. لەو هێرشەدا چوار سەربازی سوپای ئێران کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ