ئەمریکا فرۆشتنی چەک بە بەهای 8.6 ملیار دۆلار بە ئیسرائیل و سێ وڵاتی عەرەبی پەسەند دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، رەزامەندی نیشانداوە لەسەر فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی بە بڕی زیاتر لە 8.6 ملیار دۆلار بە هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بریتین لە ئیسرائیل، قەتەر، کوێت و ئیمارات؛ هاوکات هۆشداریش دەداتە وڵاتانی ئەورووپا کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە ناردنی چەک بۆ وڵاتەکانیان دوادەکەوێت.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە، ئەم گرێبەستانە لە کاتێکدا دێن کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێ دەنێتە هەفتەی نۆیەمەوە، کە ئێستا لە ئاگربەستێکی لاواز دایە. وردەکاریی فرۆشتنی چەکەکان بەم شێوەیەیە:
 
قەتەر: سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت بە بەهای 4.01 ملیار دۆلار و سیستەمی موشەکیی پێشکەوتوی ورد (APKWS) بە بەهای 992.4 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.
 
کوێت: سیستەمێکی یەکخراوی فەرماندەیی جەنگ بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار دەکڕێت.
 
ئیسرائیل: بڕی 992.4 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی سیستەمی موشەکیی لێزەری (APKWS) بۆ تەرخانکراوە.
 
ئیمارات: بە بڕی 147.6 ملیۆن دۆلار لە هەمان سیستەمی APKWS وەردەگرێت.
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک بەی سیستەمس، ئاڕ تی ئێکس، لۆکد مارتن و نۆرسرۆپ بەڵێندەری سەرەکیی ئەم گرێبەستانە دەبن.
 
خاڵیبوونی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "فاینانشێڵ تایمز" بڵاویکردەوە، کە واشنتن هۆشداری داوەتە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی وەک بەریتانیا، پۆڵەندا، لیتوانیا و ئەستۆنیا کە چاوەڕێی دواکەوتنی زۆر بن لە وەرگرتنی چەکە داواکراوەکانیان، چونکە جەنگی ئێران کۆگاکانی چەکی ئەمریکای خاڵی کردووەتەوە و ئەولەویەت بۆ بەرەکانی جەنگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
 
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدا دێن، کە دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، کە پێداچوونەوەی بۆ چەندین بژاردەی سەربازیی نوێ دژی ئێران کردووە و ناڕەزایەتی خۆشی بەرامبەر نوێترین پێشنیازی تاران بۆ ئاگربەست دەربڕی، ئەمەش نیشانەی زیادبوونی گوشارە سەربازییەکانە بۆ سەر ناوچەکە.
 
هەرچەندە زیاتر لە سێ هەفتەیە ئاگربەستێکی لەرزۆک لە ئارادایە، بەڵام ئامانجە سەرەکییەکانی جەنگ کە بریتین لە رێگری لە چەکی ئەتۆمی و لەناوبردنی بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران هێشتا بەدی نەهاتوون، ئەمەش وایکردووە ئەمریکا بە خێرایی جبەخانەی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە