پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن: کەشتییەکی نەوت بەرەو سۆماڵ رفێنرا

02-05-2026
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پاسەوانی کەناراوەکانی یەمەن رایگەیاند، کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرتووە لە کەناراوەکانی یەمەن لە (کەنداوی عەدەن) و بەرەو سۆماڵیان بردووە.
 
بەگوێرەی ئاژانسەکە، کەشتیی یوریکا (EUREKA) لە پارێزگەی شەبوەی یەمەن لەلایەن گرووپێکەوە دەستی بەسەردا گیراوە کە "چوونەتە سەری، کۆنترۆڵیان کردووە و دواتریش بەرەو کەناراوەکانی سۆماڵ جووڵەیان پێکردووە."
 
پاسەوانی کەناراوەکان، کە سەر بە حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەنە، بەڵێنی دا لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکات و گوتی: "شوێنی کەشتییەکە دیاریکراوە و کار بۆ چاودێریکردنی و گرتنەبەری رێکاری پێویست دەکرێت بۆ وەرگرتنەوەی و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی تیمی ناو کەشتییەکە." ئاژانسەکە باسی لە ژمارە و وڵاتینامەی تیمی سەر کەشتییەکەی نەکردووە.
 
بەپێی ماڵپەڕی (مەرین ترافیک)، یوریکا کەشتییەکی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانە و ئاڵای وڵاتی تۆگۆی لەسەرە؛ لە کۆتایی مانگی ئاداری رابردووشدا لە بەندەری فوجەیرەی ئیمارات بینراوە.
 
چەتەی دەریایی لە ساڵانی 2000ـەکاندا لە کەناراوەکانی سۆماڵ زۆر باو بوو و لە ساڵی 2011 گەیشتە لووتکە کە تێیدا سەدان هێرش کران، بەڵام دواتر بەهۆی جێگیرکردنی هێزە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان و تەکتیکی نوێی کەشتییە بازرگانییەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەوە.
 
بەڵام بەپێی راپۆرتێکی هێزی دەریایی یەکێتیی ئەورووپا، لە هەفتەکانی رابردوودا هێرشەکان دووبارە زیادیان کردووەتەوە. ناوەندی ئاسایشی دەریایی لە زەریای هیندستان (MSCIO) ئاشکرای کردووە، ئۆپەراسیۆنی (ئەتالانتا)ـی سەر بە یەکێتیی ئەورووپا لە سۆماڵ، تەنیا لە کۆتایی مانگی نیساندا چاودێریی سێ هێرشی کردووە.
 
لە 28ـی شوباتەوە، هاتووچۆی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران تێکچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی روون نییە کە رفاندنەکەی رۆژی شەممە پەیوەندیی بەو جەنگەوە هەبێت.
 
مانگی رابردووش کەشتییەکی دیکە لە کەنداوەکەی عەدەن لەلایەن گرووپێکی نوێی چەتەکانەوە رفێندرا کە لە شارۆچکەی گەراکاد لە هەرێمی پونتلاندی باکووری رۆژهەڵاتی سۆماڵەوە کاردەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تەنگەی هورمز

سێنتکۆم: هانی تێپەڕینی کەشتییەکانمان بە تەنگەی هورمزدا داوە

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە 12 کاژێری رابردوودا پەیوەندییان بە دەیان کۆمپانیای کەشتیوانیی نێودەوڵەتییەوە کردووە تاوەکو گەشتەکانیان بە ناو تەنگەی هورمزدا دەستپێبکەنەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئەمریکا بە سەلامەتی رێنماییان دەکات