رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سەربازیی ئێران رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی هیچ پلانێکی پێشوەختەی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئیمارات نەبووە و ئەوەی روویداوە بەهۆی "سەرکێشییەکی" سوپای ئەمریکاوە بووە لە تەنگەی هورمز. لە بەرامبەردا ئیمارات دەڵێت، 19 مووشەک و درۆنی ئێرانییان خستووەتە خوارەوە.
رۆژی دووشەممە، 04-05-2026، میدیا فەرمییەکانی ئێران لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازیی وڵاتەکەیانەوە بڵاویانکردەوە: "کۆماری ئیسلامی هیچ پلانێکی پێشوەختەی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئیمارات نەبوو؛ ئەوەی روویدا بەرهەمی سەرکێشی سوپای ئەمریکا بوو بۆ کردنەوەی رێڕەوێک بۆ ئەوەی کەشتییەکان بەشێوەیەکی نایاسایی بە ناوچە قەدەخەکراوەکانی تەنگەی هورمزدا تێپەڕن."
ئەو بەرپرسە ئێرانییە داوا لە ئەمریکا دەکات کۆتایی بە بەکارهێنانی هێز لە پرۆسەی دیپلۆماسیدا بهێنێت و دەڵێت: "پێویستە سەرکێشی سەربازی لەم ناوچە هەستیارەدا رابگیرێت کە کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان هەیە."
ئەم لێدوانەی ئێران لەکاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان کەوتووەتە کار و توانیویانە 12 مووشەکی بالیستی، سێ مووشەکی کرووز و چوار درۆن تێکبشکێنن کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، لە دەستپێکی جەنگەوە تاوەکو ئێستا 549 مووشەکی بالیستی تێکشکێنراون، 29 مووشەکی کرووز خراونەتە خوارەوە، 2,260 درۆن تێکشکێنراون. هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران 10 کەس کوژراون و 227 کەسیش برینداربوون.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات جەختی لە ئامادەیی تەواوی هێزەکانی کردووەتەوە بۆ پاراستنی سەروەری و سەقامگیریی وڵاتەکەی.
جەنگی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل) لەگەڵ (ئێران) لە 28ـی شوباتی رابردوو دەستیپێکرد. سەرەڕای ئەوەی لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی بە نێوەندگیریی پاکستان راگەیێندرا و دواتر لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە درێژکرایەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە لەدوای ئاگربەستەکەوە هێرشی لەو شێوەیە بکرێتە سەر وڵاتانی کەنداو.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کەشتییە تێکشکێنەرەکانیان دوای تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا، ئێستا لەنێو ئاوەکانی کەنداودا جێگیر بوون.
ئەم جووڵەیەی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (پڕۆژەی ئازادی)ـدایە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی: "بۆ بەرژەوەندیی ئێران، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەو وڵاتانەمان گوتووە کە بە سەلامەتی کەشتییەکانیان لەو رێڕەو ئاوییە سنووردارکراوانە دەهێنینە دەرەوە."
ئێستا تەنگەی هورمز بووەتە ناوەندی ململانێیەکی گەورەی وزە و سیاسەت؛ واشنتن دەیەوێت لەرێگەی گەمارۆی دەریاییەوە تاران ناچار بە سازش بکات لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی، لە بەرامبەریشدا ئێران کارتی تەنگەکە بۆ گوشارخستنە سەر ئابووری جیهان بەکاردەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ