ئەردۆغان: ناوچەی ئارام دروستدەکەین و نیگەرانییەکانمان نامێنن

04-06-2022
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی نوێ ئەنجام دەدەن بۆ نەهێشتنی کەموکورتییە ئەمنییەکان لە سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەی. 
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 4ـی حوزەیرانی 2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 30یەمین کۆبوونەوەی راوێژکاری و هەڵسەنگاندنی پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی کە لە ناوچەی کزڵجەهەمام لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت و چەند رۆژێک دەخایێنێت، گوتارێکی پێشکێشکرد. 
 
ئەردۆغان لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازیی سوپای وڵاتەکەی گوتی: لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی قەڵخانی فورات، چڵە زەیتوون، کانی ئاشتی، قەڵخانی بەهار و دوایین ئۆپەراسیۆنمان کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بەناوی چنگ - قوفڵ دەستیپێکرد، ئەو رێڕەوەی تیرۆریستانمان نەهێشت کە هەوڵدەدرا لەسەر سنووری وڵاتەکەمان دروستبکرێت. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی، "لەمەودوا بەهەستیاری و بەوردییەوە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکانەوە، نیگەرانی و کەموکوڕییە ئەمنییەکان لە سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەمان بە تەواوکردنی ناوچەی ئارام نەهێڵین." 
 
ئەردۆغان راشیگەیاند، کاری جیدی دەکات بۆ بەهێزکردنی سوپای وڵاتەکەی و رەخنەی لە حکومەتەکانی پێش ئاکپارتیش گرت کە وەک خۆی گوتی، کارێکی ئەوتۆیان نەکرد تاوەکو سوپا تەکنەلۆژیای جەنگی هەبێت. ئەردۆغان لەو بارەوە گوتی: پێشتر بۆ بەدەستهێنانی چەکی پێشکەوتوو لە هەموو دەرگایەک دەدرا و وەڵام نەدەدرایەوە، کەچی ئێستا وڵاتان لە دەرگامان دەدەن و داوای چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیمان لێدەکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە 1-6-2022 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەکانی هەفتەی رابردووی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دووبارە کردەوە و رایگەیاند: هەنگاوێکی دیکە لە دروستکردنی ئەو ناوچە ئارامە 30 کیلۆمەترییە دەنێین کە لەسەر سنووری باشوومان هەمانە. ئێمە تلڕەفعەت و مەنبج پاکدەکەینەوە "لە شەڕڤانان." 
 
یەپەگەی باڵی چەکداری پەیەدە پێکهێنەرێکی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەیە و تورکیاش وەک باڵی سووریای پەکەکە سەیری دەکات و هەربۆیە وەک "تیرۆریست" ناوی دەبات. 
 
ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە ساڵی 2016دا تورکیا بۆسەر جەرابلووس و باب و چەند ناوچەیەکی دیکەی لە سووریا دەستیپێکرد بەناوی قەڵخانی فورات. لەو ئۆپەراسیۆنەدا سوپای تورکیا هەندێک ناوچەی سووریای لە دەستی داعش دەرهێنا؛ لە ساڵی 2018دا سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیان کردە سەر هەرێمی عەفرین و کۆنترۆڵیان کرد و ئەو ئۆپەراسیۆنەشیان ناونا چڵە زەیتوون. لە تشرینی یەکەمی 2019دا ئەو هێزانە هێرشیان کردە سەر سەرێ کانی و گرێ سپی و ئەوەشیان ناونا ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لەو پاسانەی زیندانییانی داعشی پێ گوازرانەوە بۆ عێراق. وێنە: AFP

سێنتکۆم: گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق کۆتایی هات

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی 23 رۆژەیان بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە و تێیدا زیاتر لە پێنج هەزار و 700 چەکدار رادەستی لایەنی عێراقی کراون.