رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
وێنەی بارمتەکانی گیان لەدەستداوە، لە راستەوە: ناداڤ پۆپلیوێڵ، یۆرام مێزگر، هایم پێری و ئەمیرەم کووپەر
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل گیانلەدەستدانی چوار بارمتەی دیکەی لە غەززە راگەیاند، "کە تاوەکو ئێستا تەرمەکانیان لە غەززە لەژێر دەستی حەماس ماون."
رۆژی دووشەممە 3ـی حوزەیرانی 2024، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی "سوپا زانیاری بە هەریەک لە کەسوکاری هایم پێری، یۆرام مێزگر، ئەمیرەم کووپەر و ناداڤ پۆپلیوێڵ داوە کە لەژیاندا نەماون، تەرمەکانیشیان لەلایەن حەماسی تیرۆریست لە غەززە راگیراون."
دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی جیادا لەبارەی گیانلەدەستدانی بارمتەکان گوتی "پێمانوایە هەر چوار بارمتەکە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەمان دژی حەماس لە ناوچەی خان یونس لە غەززە کوژراون."
هاوکات گرووپی کەمپەین و کۆڕبەندی بارمتە و خێزانە ونبووەکانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی "دەبێت حکومەتی ئیسرائیل شاندێک بۆ گفتوگۆکردن بنێرێت و هەموو بارمتەکان، ئەوانەی لەژیاندا ماون و تەرمی ئەوانەشی مردوون، بگەڕێنێتەوە."
لە هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی پار، چەکدارانی حەماس، لانیکەم 240 ئیسرائیلی و بیانیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیاننەوە بۆ کەرتی غەززە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی نوێی ئاگربەستی بۆ شەڕی هەشت مانگەی ئیسرائیل و حەماس خستەڕوو، کە لەسێ قۆناخ پێکدێت؛ ئاگربەستی شەڕ، ئازادکردنی بارمتەکان و زیندانیانی فەڵەستینی، بنیاتنانەوەی غەززە و گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر زێدی خۆیان کە 75٪ـیان ئاوارە بوون، بەڵام ئیسرائیل پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە.
ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان
لە 24-11-2023 حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان رێککەوتن.
لە کاروانی یەکەمدا بزووتنەوە فەلەستینییەکە 13 بارمتەی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکرد.
چەکدارانی حەماس، لە دووەم رۆژی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەدا، 13 بارمتەی ئیسرائیلی و چوار تایلاندیان ئازاد کرد؛ لە بەرامبەردا 39 زیندانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەوە ئازاد کران.
لە کاروانی سێیەمدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس 17 بارمتەی رادەستی خاچی سوور کردووە کە 14ـیان ئیسرائیلی، دووانیان تایلاندی و ئەوی دیکەیان رووسییە". ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی ئازادکرد.
دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، قەتەر نێوەندگیریی کرد و دوو رۆژی ئاگربەستەکە دیکە درێژکرایەوە.
لە کاروانی چوارەمدا، بەرپرسانی ئیسرائیل ئازادکردنی 33 بەندکراوی فەلەستینی و حەماسیش ئازادکردنی 11 هاووڵاتیی ئیسرائیلیان راگەیاند؛ بەمجۆرە کۆی گشتی ئازادکراوەکان گەیشتە 69 بارمتە و 150 بەندکراو.
چەند خولەکێک پێش تەواوبوونی ئاگربەستەکە، رۆژێکی دیکەش درێژکرایەوە و چەند بارمتە و بەندکراوێکی دیکە ئازادکران.
بەمجۆرە لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران؛ هەروەها 750 بارهەڵگری هاوکاری چوونە نێو غەززە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی حکومەتی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا 130 بارمتە لە غەززە ماون، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، 85ـیان لەژیاندا ماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ