ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر ئاگربەستی غەززە دەدات

04-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێک دەدات کە داوای "ئاگربەستێکی دەستبەجێ، بێ مەرج و هەمیشەیی لە غەززە دەکات".
 
پڕۆژەبڕیارەکە لەلایەن 10 ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە داڕێژراوە و تێیدا جەخت لە ئازادکردنی هەموو ئەو بارمتانە دەکاتەوە کە حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 گرتوونی.
 
لە پڕۆژەبڕیارەکەدا دۆخی مرۆیی غەززە بە "کارەساتبار" وەسفکراوە و داوا دەکات ئیسرائیل دەستبەجێ رێگرییەکانی سەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتەکە هەڵبگرێت. 
 
پڕۆژەبڕیارەکە داوا دەکات بەگوێرەی بنەما و یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ غەززە بگەڕێندرێنەوە. 
 
دەنگدانەکە لەکاتێکدایە، نزیکەی 2 ملیۆن دانیشتووی غەززە بە تەواوی پشت بە هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن، ئەوەش لەبەرئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل نزیکەی هەموو تواناکانی بەرهەمهێنانی خۆراکی لەنێوخۆی غەززەی لەناوبردووە. 
 
ئیسرائیل لە 2ـی ئادار، گەمارۆی خستەسەر ناردنی هاوکارییەکان مرۆییەکان بۆ غەززە و لە مانگی رابردووەوە بە بڕێکی سنووردار رێگە بە گەیاندنی خۆراک بۆ غەززە دەدات. 
 
ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی سێشەممە گوتی، پێداویستییەکانی غەززە زۆرن و ئەوەیشی کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەینێرێتە غەززە "تەنیا دڵۆپێکە."
 
لە تشرینی دووەمی 2023وە، ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی لەسەر 14 بڕیاری پەیوەست بە غەززە داوە و چواریان پەسند کردووە. 
 
دوایین بڕیاریش لە 20ـی تشرینی دووەمی رابردوو دەنگی لەسەر درا، لەکۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە، 14ـیان دەنگیان پێی دا، بەڵام ئەمریکا بەبیانووی ئەوەی کە پڕۆژەبڕیارەکە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی بارمتەکان ناکات، رەتیکردەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە